جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بە هەڕەشە و مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناودەبات، داوادەکات وەک هەڕەشە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
جۆن کێربی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێران بەردەوامە لە پەرەپێدانی مووشەکە بالیستییەکانی، ئەوەش ئەمریکای نیگەران کردووە، بۆیە داوایکرد وەک مەترسی و هەڕەشەیەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
باسكردن لە بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران و وەسفكردنی وەك هەڕەشە لەلایەن ئەمریكاوە، لەكاتێكدایە كە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ساڵانێكە بووەتە جێتەنگژەی نێوان تاران و واشنتن و وڵاتانی خۆرائاوە، سەرەڕای ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی 2015ش، بەڵام دواتر كشانەوەی ئەمریكا، هەوڵەكانی هێنایەوە خاڵی سەرەتا.
لەگەڵ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە دەستیپێكردووەتەوە، بەڵام هێشتا ئێران و وڵاتانی بەشدار لە ڕێككەوتنەكە لەزۆر بابەتدا ناكۆكن و نەگەیشتوون بە جۆرێك لە ڕێككەوتن.
لەماوەی ڕابردوودا واشنتن باسی لەوەکرد، کە ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران سەرکەوتوو نەبێت، بژاردەی دیکەیان لەبەردەستدایە.
لەو چێوەیەشدا کینیس ماکێنزی فەرماندەی هێزی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی چەند بژاردەیەکی هەمەلایەنەی سەربازیی بەهێزی لەبەردەستدایە بۆئەوەی دژی ئێران بەکاریانبهێنێت.
ئێسرائیلیش زیاتر لە ئەمریكا جەخت لە هەوڵی جددی بۆ پەكخستنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەكاتەوە.