مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق هەمیشە جەختدەكاتەوە كە هەڵبژاردنی پێشوەختە، لەو وادەیەدا بەڕێوەدەبرێت كە خۆی دیاریكردووە، ئەویش 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتووە، بەڵام بەشێك لە لایەنەكان بە دووری دەزانن سەرۆكوەزیران و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بتوانن ئەو هەنگاوە بنێن و هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ناوەڕاستی 2021ـدا ئەنجامبدەن.
محەمەد نوری عەبد ڕەبە، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا” ڕایگەیاند، “بەهۆی ئەو دۆخە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەی عێراق پێیدا گوزەر دەكات، ئەستەمە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت كە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتووە.”
عەبد ڕەبە كە نوێنەری پارێزگای نەینەوا-یە لە پەرلەمانی عێراق، وتیشی، “پێشنیارێك لای قەوارە و لایەنەكان هەیە و پێدەچێت بیدەن بە سەرۆكوەزیران، تیایدا داوا بكەن هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان، دوابخرێت بۆ مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2021.”
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، كۆمسیۆن ئامادە نییە و لە توانایدا نابێت هەڵبژاردن لە مانگی حوەزیرانی داهاتوودا بەڕێوەببات، “چەند لایەنێكیش قایل نین بە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، بۆیە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن بەهێزە.”