ئەڵمانیا تۆڕێكی قاچاخچی و ساختەكاریی ناسنامە ئاشكرادەكات

گومانلێكراوان نووسراو و ناسنامەی ساختەیان بۆ نزیكەی 1000 كەس كردووە.

لەمیانەی هەڵمەتێكدا لە 12 ویلایەتی ئەڵمانیادا، پۆلیس ژمارەیەك قاچاخچیی دەستگیركرد ‏و دەستیشی بەسەر ملیۆنان یۆرۆدا گرت، گومانلێكراوان نووسراو و ناسنامەی ساختەیان ‏بۆ نزیكەی هەزار كەس كردووە.‏

داواكاری گشتیی ئەڵمانیا لە بەرلین ڕایگەیاند، لەسەر ئاستی فیدڕاڵی هەڵمەتێكی ‏هەڵكوتانەسەریان ئەنجامدراوە دژ بە گومانلێكراوان بە قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە.‏

لەمیانەی هەڵمەتەكەدا لانیكەم 9 گومانلێكراو دەستگیركراون و دەستیش بەسەر ملیۆنان ‏یۆرۆدا گیراوە، وەك ئەوەی داواكاری گشتی دەیڵێت، پرۆسەكەش لە 12 ویلایەتدا ‏ئەنجامدراوە، بەڵام جەختی زۆر لەسەر هەردوو ویلایەتی بەرلین و براندنبۆرگ بووە، ‏گومانلێكراوە سەرەكییەكان لە ویلایەتی بریمەن و دەوروبەری دەستگیركراون.‏

نزیكەی 20 كەس تۆمەتی پێدانی ناسنامەی هاوڵاتیی سەر بە یەكێتیی ئەوروپا بە كەسانێك ‏لە ئۆكرانیا و مۆلدۆڤا-یان لەڕێی بەڵگەنامەی ساختەوە ڕووبەڕوو دەكرێتەوە، سەرەڕای ‏خستنەسەركاریان لەڕێی كۆمپانیای كاری كاتی تایبەت بەو قاچاخچییانە لە ناوەندە ‏لۆجیستییەكاندا.‏

داواكاری گشتی وتیشی، قاچاخچییەكان تۆڕی كۆمپانیای كاركردنی كاتییان بۆ ئەو ‏مەبەستە پێكهێناوە، بەپێی ئەو لێكۆڵینەوانەی تائێستا ئەنجامدراون نزیكەی 1000 كەس ‏لەو ڕێگەیەوە توانیویانە پەیوەندی بە بازاڕی كاری ئەڵمانیاوە بكەن.‏

هاوڵاتییانی یەكێتیی ئەوروپا لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ئازادی هاتن و چوونی نێوان ‏وڵاتانی ئەندام دەتوانن كاربكەن و نیشتەجێ ببن لە ئەڵمانیا بەبێ پێویستی بەدەستهێنانی ‏مافی مانەوە یان ڕێگەپێدانی كار.‏

داواكاری گشتی ڕوونیشیكردەوە، قاچاخچییەكان پارەیان لەو كەسانە دەستكەوتووە لە ‏بەرامبەر ساختەكردنی بەڵگەنامە و هێشتنەوەیان و لە ئاكامی هەڵمەت و پشكنینەكاندا، ‏دەستبەسەر زیاتر لە 19 ملیۆن یۆرۆ و زیاتر لە 80 ئەژماری بانكیی ناوخۆیی و ‏نێودەوڵەتیدا گیراوە، جگە لە خانووبەرە و ئۆتۆمبێلی گرانبەها و كەلوپەلی دیكەی نایاب.‏

بابەتی پێشتر

ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئیسرائیل ئامادەكاری بۆ "خراپترین سیناریۆ" دەكەن

بابەتی دواتر

دژه‌تیرۆری عێراق ده‌ستگیركردنى 13 چه‌كدارى داعشی ڕاگه‌یاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share