حكومەتی ئیمارات سیستمێكی نوێی كاری هەفتانەی بۆ كەرتی حكومی ڕاگەیاند و بەپێی ناوەڕۆكەكەی ماوەی دەوامكردن چوار ڕۆژ و نیو دەبێت، لە دووشەممەوە تا پێنجشەممە، لەگەڵ نیو ڕۆژ كاركردنی ڕۆژی هەینی.
بەپێی سیستمە نوێیەكە پشووی هەفتانە ڕۆژانی شەممە و یەكشەممە دەبن، ئەم سیستمەش لە 1ی كانونی دووەمی 2022ەوە كاری پێدەكرێت و ڕۆژی یەكشەممە 2ی كانونی دووەم پشووی فەرمی دەبێت.
بڕیارەكە بەسەر سەرجەم لایەنەكانی كەرتی حكومیی فیدڕاڵیی دەوڵەت جێبەجێدەكرێت، كاتژمێرەكانی دەوامی فەرمی بەپێی بڕیارە نوێیەكە لە كاتژمێر 07:30ی بەیانی تا 03:30ی پاش نیوەڕۆ لە ڕۆژانی دووشەممە تا پێنجشەممە (هەشت كاتژمێر كاركردن) دەبێت.
ڕۆژی هەینیش دەوام لە 07:30 بۆ 12.00ی نیوەڕۆ دەبێت (چوار كاتژمێر و نیو).
بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا كاتژمێرەكانی دەوام لە قوتابخانە حكومییەكانی دەوڵەت ڕابگەیەنرێت، وەك ئەوەی ئاژانسی ئەنیائی ئیماراتی (وام) بڵاویكردووەتەوە.
سیستمە نوێیەكە ئەگەری جێبەجێكردنی كاتژمێری دەوام و سیستمی كاركردن لە دوورەوە (ئۆنلاین) بۆ ڕۆژی هەینی لە فەرمانگە فیدڕاڵییەكان لەخۆدەگرێت، بەو مەرجەی فەرمانگەكە بڕیار لە شێوازی جێبەجێكردنەكەی بدات.
بڕیارەكە یەكخستنی وادەی وتار و نوێژی هەینی-شی دیاریكردووە كە كاتژمێر 01:15ی پاش نیوەڕۆ دەبێت لەسەر ئاستی دەوڵەت بەدرێژایی ساڵ.
لەسەر ئاستی ئابورییش، سیستمە نوێیەكەی كاركردنی هەفتانە پێگەی ئیمارات لەسەر نەخشەی كارەكان وەك ناوەندی ئابوریی جیهانی پتەودەكات. جگەلەوەی پشتیوانیی كەرتی دارایی دەكات.
سیستمە نوێیەكە و ڕۆژانی پشوو لە ئیمارات دەبێتە هۆی پتەوكردنی پەیوەندیی خێزانی و گونجاوی كۆمەڵایەتی و، باشكردنی جۆری ژیانی فەرمانبەران، بەتایبەت بەهۆی درێژكردنەوەی پشووی كۆتایی هەفتە و هێنانەدی هاوسەنگی لەنێوان خێزانی كەسی و خواستەكانی كار، پەیوەندی نێوان فەرمانبەران و خێزانەكانیان زیادەكات و وایان لێدەكات سوودی زیاتر لە پشووی كۆتایی هەفتە ببینن.