ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کە پێشتر هۆشدارییدابوو سەبارەت بە بەکارهێنانی پلازمای خوێنی کەسانی چاکبووەوە لە کۆرۆنا بۆ چارەسەری ئەو تووشبووانەی لە دۆخی توندی نەخۆشییەکەدان، جارێکی دیکە هۆشداری دەدات و ڕایگەیاندووە، هیچ توێژینەوەیەک سوودی ئەو ڕێگەیەیان بەڕوونی دەرنەخستووە.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئامۆژگاریی جیهان دەکات بۆ ئەوەی پلازمای خوێنی کەسانی چاکبووەوە لە کۆرۆنا بەهیچ شێوەیەک بەکارنەهێنرێت بۆ چارەسەری تووشبووانی دیکەی پەتاكە، جەختدەکاتەوە هیچ بەڵگەیەک نییە پشتڕاستیبکاتەوە کە ئەو ڕێگەیە مردن بە کۆرۆنا یان پێویستبوون بە هەناسەی دەستکرد لە تووشبووەکاندا کەمتردەکاتەوە.
بیرۆکەی بەکارهێنانی پلازمای خوێنی کەسانی چاکبووەوە لەکۆرۆنا پشت بەوەدەبەستێت، کە خوێنی ئەو کەسانە دژە تەنەکانی ڤایرۆسەکەیان تێدایە و لەکاتی بەکارهێنانی بۆ نەخۆشەکانی دیکەدا دەتوانێت ڤایرۆسەکە لاوازبکات و کاریگەرییە توندەکانی کەمبکاتەوە.
تائێستا توێژینەوەکان بەڕوونی ئەوەیان نەسەلماندووە کە بەکارهێنانی پلازمای خوێن دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ ئەوکەسانەی نیشانە توندەکانی نەخۆشییەکەیان هەیە.
توێژینەوەیەکی ئەمریکی لە مانگی ئازاری ڕابردوودا ئاشکرایکرد، چارەسەرەکە تەنانەت بۆ ئەو کەسانەی نیشانەی سووک و مامناوەندی ڤایرۆسەکەیان هەیە ناتوانێت سوودمەندبێت.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی باس لەوەشدەکات، ئەو ڕێگەیە تێچوویەکی زۆری دەوێت و کاتێکی زۆریش بەفیڕۆدەدات.
ڕێکخراوەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، لیژنەیەکی سەرپەرشتیاران و شارەزایانی جیهان بەتوندی ڕەتیدەکەنەوە ئەو ڕێگەیە بۆ چارەسەری تووشبووان بەکاربهێنرێت.
ئەو داوایەی شارەزایانی پزیشکی پشت بە 16 توێژینەوەیان دەبەستێت لەوبارەیەوە، کە تێیدا 16 هەزار و 236 نەخۆش بەشدارییان تێدا کردووە.
بەرلە زیاتر لە ساڵێک ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، کاریگەرییە ئەرێنییەکان و ئەنجامی توێژینەوەکان لەبارەی بەکارهێنانی پلازمای خوێن بۆ تووشبووانی کۆرۆنا وەڵامی یەکلاکەرەوە نین، داواشی لە وڵاتانی جیهان کرد چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجام و کاریگەرییەکانی ئەو ڕێگەیە بکەن.
ڕێکخراوەکە دەڵێت، بەکارهێنانی پلازمای خوێن تائێستا لە قۆناغی ئەزموونی و توێژینەوەدایە و ئەنجامەکان ڕوون نین لەبارەیەوە.