ئیدارەی یانەی ڕیاڵ مەدرید ئامادەکاری بۆ هەر هێرشێکی پێچەوانەی یانەی پاریس سان جێرمان دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش بۆندی چەندین یاریزان نوێدەکاتەوە.
ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، بەڕێوەبەرانی یانەی شاهانە هەرگیز هەوڵیاننەداوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان تێکبدەن، بەڵام خواستیان لەسەر کیلیان مباپێ و پێشکەشکردنی بۆندێک بەبڕی 200 ملیۆن یورۆ لە دوایین ساتی گواستنەوەکانی هاوینی 2021، دوو یانەکەی بە دۆخی ڕووبەڕووبوونەوەی دارایی گەیاندووە.
سەرچاوەکە نووسیویەتی، بەڕێوەبەرانی پاریس بەنیازن پارێزگاری لە کیلیان مباپێ بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش هێرشدەکەنەسەر بەرژەوەندییەکانی یانەی شاهانە بە پێشکەشکردنی بۆند بە چەند یاریزانێک.
لە بەرامبەردا فلۆرنتینۆ پێرێز و هاوکارانی بڕیاریانداوە بۆندی هەریەک لە: کاماڤینگا، ڤاڵڤێردی، ڤینیسیۆز، ڕۆدریگۆ، ئاسینسیۆ و چەند یاریزانێکی لاوی دیکە نوێبکەنەوە، نرخی شکاندنی بۆندەکانیشیان بگەیەننە ملیارێک یورۆ، بەو جۆرە دەتوانن سیستمی بەرگری بە ملیار یورۆ بەرامبەر سەرمایەدارانی قەتەر بەگەڕبخەن.
ئەوەی بووەتە جێی پرسیار، لە بڕیارەکەی ئیدارەی شاهانە، ناوەکانی هازارد، بەیل، ئیسکۆ، مارسێلۆ و چەندینێکی دیکە نەهاتووە، بەو واتایەی ئامادەن ئاراستەی پاریس سان جێرمان یاخود هەر یانەیەکی دیکەیان بکەن.