نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ڕوسیا ستایشی ڕۆڵی مام جەلال دەکات

دیداری هەردوو شاندی ڕوسیا و هەرێم

نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ڕوسیا لە دیداری قوباد تاڵەبانی ستایشی ڕۆڵی مام جەلال دەكات و پێكەوە شەڕی دژ بە داعش و دۆخی عێراق و كێشەی كۆچ-یان تاوتوێكرد.

قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیرانی هەرێم لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ڕوسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە، ڕایگەیاند، بەشێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد چارەسەردەکرێن و پێویستە کورد یەکدەنگ بێت بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا.

لە‌ كۆبوونە‌وە‌كە‌دا كە‌ ئەمڕۆ لە‌ ھە‌ولێر بە‌ڕێوە‌چوو، دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و کونسوڵی ڕوسیا ئامادەی بوون، قوباد تاڵە‌بانی و میخائیل بۆگدانۆڤ، باسیان لە دواپێشهاتە سیاسییەکان و ڕەوشی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرد.

لەبارەی پەیوەندی نێوان ڕوسیا و هەرێمی کوردستان، بۆگدانۆڤ باسی لە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی مێژوویی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێم کرد و ئاماژەی بەڕۆڵی گرنگی سەرۆک مام جەلال لە پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە کرد، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی باسی لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کرد و ئاماژەی بەوەدا کە چاوەڕێین لەم نزیکانەدا دەستبکرێت بە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

وتیشی، “لە عێراق کێشەی نەبوونی پلانمان هەیە لە هەندێک بابەتدا، لەگەڵ نەبوونی جیاوازی لە سیاسەتی لایەنە سیاسییەکان، بۆیە ئەو گفتوگۆیانەى پەیوەستن بەپێکهێنانی حکومەتەوە لەسەر سیاسەتی چۆنیەتی بەرێوەبردن و حوکمڕانی نیە بەڵکو لەسەر وەرگرتنی پۆستەکان دەبێت”.

لە بەشێکی دیكەی کۆبوونەوەکەدا باس لە شەڕی دژ بە داعش کرا و لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو شەڕە هێشتا ماوە و ئاماژەی بە هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا کە تێیدا چەند پێشمەرگەیەک شەهید و برینداربوون.

هەر لەو کۆبوونەوەیە جگە لە باسكردنی ڕەوشی سوریا و کێشەی کۆچبەران، پرسی کارکردن و هاتنی کۆمپانیا ڕوسییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا خرایەبەرباس و جێگری سەرۆک وەزیران دڵنیاییکردنەوە کە ئاسانکاری دەکەن بۆ ئەوەی سود لە تواناکانی ئەوان ببینن.

بابەتی پێشتر

لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگای سلێمانی-كەلار شۆفێرێك گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

سبەی سەدر و سەرانی لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی كۆدەبنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share