بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم ڕایگەیاند، سبەی چوارشەممە، شەپۆلێکی باران و بەفر ڕوو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات و بەهۆیەوە پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە و خێرایی با زیاد دەکات.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کەشناسی دەڵێت، “سبەى لە کاتەکانى بەیانى ئاسمانى ناوچەکەمان لە نیمچەهەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، سەرەتا نمەباران لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت، پاشان کاریگەریى ئەو شەپۆلە کە سەرچاوەکەى دەریاى ناوەڕاست و تورکیایە، درێژ دەبێتەوە بۆسەر ناوچەکەمان، بارانبارین لە دواى نیوەڕۆ لە تەواوى ناوچەکەمان دەستپێدەکات و لە ئێوارەدا خێراى با زیاد دەکات، کە هەندێکجار بۆ سەرووى 30 کم لە کاتژمێرێکدا بەرزدەبێتەوە”.
هەر بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، ئاستى باران زیاتر دەبێت بە تایبەت لە کاتەکانى شەودا، هەندێکجار هەورە تریشقەش دەبێت، لە شەودا کاریگەریى بارستە هەوایەکى سارد ڕوو لە ناوچەکەمان دەکات و لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزە سنووریەکان بەفر دەبارێت.
پێشبینییەکان ئاماژە بەوەدەکەن ڕێژەى بارانبارین و بەفربارین لە سنوورى ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاى هەولێر زیاتر دەبێت لە چاو ناوچەکانى تر و کاریگەریى ئەم شەپۆلە تا نیوەڕۆى ڕۆژى پێنجشەممە بە لاوازى دەمێنێتەوە، لە دواى نیوەڕۆى هەمان ڕۆژ كاریگەرییەكە کۆتایى دێت.