مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە خۆپیشاندانەكانی خوێندکاران و داواکاریی خەرجكردنەوەی دەرماڵە دەكات، وتی، “لە هیچ شوێنێکی دنیا نییە بەخۆڕایی بخوێنیت و داوای دەرماڵەش بکەیت”، دۆخی كارەباش بە “زۆر باشە” وەسفدەكات.
مەسرور بارزانی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان ڕایگەیاند، زانکۆ حکومییەکان بەبێ پارە و بەخۆڕایی دەرفەتی خوێندنیان بۆ خوێندکاران دابینکردووە، بۆیە ڕوو لە خوێندكاران وتی، “ناکرێت بڵێیت من بەخۆڕاییش دەخوێنم و بڕە پارەیەکیشم دەوێت بۆ ئەوەی بخوێنم”.
وتیشی، “بابەتی دەرماڵەی خوێندکاران لە ساڵی 2014وە نەماوە و ئەسڵەن مەسەلەکە کۆتاییهاتووە”.
مەسرور بارزانی دووبارە باسی پرسی “سووكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان”ی كرد، جەختیکردەوە، “ئەوانەی بێڕێزی و بێحورمەتییان بە ئاڵای کوردستان کردووە حکومەت لێیان خۆشنابێت و پێویستە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە”.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی چەند پرسێكی دیكەشەوە قسەی هەبوو، ڕایگەیاند، “ئێستا مووچە بەتەواوی دابیندەکرێت، وتیان کارەبا خراپە، ئێستا دۆخی کارەبا زۆر باشە و کاتژمێرەکانی کارەبا زیادیانکردووە، ئاو ئێستا باشترە و بوژانەوە لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدایە”.