بەڕێوەبەرایەتیی کشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە لە ئێستاوە بڕیار لە کەمبارانیی ئەمساڵ بدات و کەشناسیی سلێمانیش دەڵێت، تەنها 34%ـی ئەو بڕە بارانەی ساڵانە لە وەرزی پاییزدا دەبێت ببارێت باریوە.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، بژار ئەکرەم وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “باران بارینی ئەمساڵ بە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی ڕابردوودا کەمترە، بەڵام هێشتا کاتێکی زۆر بۆ باران بارین ماوە”.
هەروەها ڕەتیکردەوە کە لەئێستاوە بڕیار لەبارەی وشکەساڵییەوە بدەن بەهۆی ئەوەی پێشبینییەکانی کەشناسی، کورت ماوەن و ناتوانن پێشبینی بۆ تەواوی وەرزی باران بارین بکەن.
لەلایەکی دیکەوە ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، تائێستا تەنها 35 ملم باران لە سلێمانی باریوە لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو لە هەمان ماوەدا 136.7 ملم باران باریوە.
بەپێی پێوەرەکانی کەشناسی، لە وەرزی پاییزەی باران باریندا پێویستە 105 ملم باران ببارێت، بەڵام ئەمساڵ تائێستا 34%ـی ئەو بڕە لە سلێمانی باریوە، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەیەکی زۆر لە وەرزی باران بارین لەبەردەستدا ماوە.
پێوەرەکانی کەشناسی لە هەرێمی کوردستان بەجۆرێکن لە ساڵێکدا 685 ملم باران دەبارێت لە حاڵەتی ئاساییدا، بەڵام ساڵی ڕابردوو کەمتر لەوە باریوە، بۆ ئەمساڵیش مانگێک لە وەرزی پاییز، سێ مانگی وەرزی زستان و وەرزی بەهار ماوە بۆ باران بارین کە ڕێژەی 50%ـی باران بارین لە وەرزی زستاندایە، 35%ـی لە وەرزی پاییز و 15%ـی لە وەرزی بەهاردایە.