جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی دیموکراسی، کە بڕیارە لە مانگی کانونی یەکەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت، بانگهێشتنامەی ئاراستەی 110 وڵاتی جیهان کردووە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنها ئیسرائیل و عێراق لەناو لیستی بانگهێشتنامەکاندان.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی دیموکراسی کە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت، وڵاتی چین-ی گەورە ڕکابەری پشتگوێخستووە، لەکاتێکدا تایوان لەناو بانگهێشتکراوەکاندایە، ئەمەش پەکینی تاڕادەیەک تووڕەکردووە.
بانگهێشتنامەکانی بایدن ژمارەیەک لە وڵاتانی تێدایە، كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا زۆر باش نییە، لە نمونەی هیندستان و پاکستان، بەڵام تورکیا کە ئەندامێکی هاوپەیمانی ناتۆیە لە دەرەوەی لیستە بانگهێشتكراوەكەی واشنتۆندایە و بانگهێشتنەکراوە.
لوتکەی دیموکراسی، کە لەبەرواری 19ـی کانونی یەكەم بەڕێوەدەچێت، بەشێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، وەک سعودیە، میسر، قەتەر، ئیمارات و ئوردنی تێدا نییە.
بایدن لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین تەنها بەرازیلی بانگهێشتکردووە، کە سەرۆکێکی مشتومڕئامێزی لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان هەیە.