پاش ئەوەی ئەمڕۆ شەممە نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك كۆچی دواییكرد، بەرپرسانی باڵای هەرێم بەو بۆنەیەوە خەمباریی خۆیان دەربڕی و باسیان لە ڕۆڵی باڵای ئەو كەسایەتییە كردووە لە پێشخستنی كەركوك.
لە پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، “د.نەجمەدین کەریم وەك پزیشكێكی لێهاتوو و پێشمەرگەیەك بەشداری لە شۆڕشی ئەیلول و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی گوڵاندا كردووە”.
نێچیرڤان بارزانی لە ستایشی پارێزگاری پێشووی كەركوك-دا ئەوەشی ڕاگەیاندووە “هۆگری و پابەندییەكی بێسنووری بۆ شارەكەی كەركوك هەبوو، دوای ئەوەی بووە پارێزگار، زۆر كاری گرنگی خزمەتگوزاری بۆ كهركوك ئهنجامدا، دووركەوتنەوەشی لە كەركوك بە شێوەیەكی نائاسایی و بارودۆخی ئاڵۆزی شارهكه، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر دروستكردبوو”.
لای خۆشییەوە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكیدا لەبارەی كۆچی دوایی نەجمەدین كەریم سەرەخۆشی لە کەسوکاری پارێزگاری پێشووی کەرکوک دەکات و دەڵێت، “کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر بووە و ڕۆڵێكى گرنگی لە خهباتى ڕزگاریخوازى گهلى كوردستان و ناساندنی پرسی کورد لە نێوەندە دیپلۆماسی و ئەکادیمییە جیهانییەکاندا هەبوو”.
مەسرور بارزانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “د.نەجمەدین كەریم لە دواى ئازادکردنی عێراقیش لە ڕژێمی دیکتاتۆری، وەک پارێزگاری کەرکوک، جێدەستی لە قووڵكردنهوهى گیانى بەیەکەوهژیانى ئاشتییانەی نێوان پێكهاته جیاوازهكان و داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان دیار بوو”.
هەروەها قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكیدا لەبارەی كۆچی دوایی پارێزگاری پێشووی كەركوكەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆی لە خانەوادەی كۆچكردوو دەكات و دەڵێت، “خەمبار و دڵگران بووم بەبیستنی هەواڵی کۆچی دوایی دكتۆر نەجمەدین كەریم، كۆچكردوو، جگە لەوەی پزیشك و پارێزگار و كەسایەتییەكی سیاسی ناسراو بوو، هاوڕێ و دۆستی نزیكی سەرۆك مام جەلالیش بوو”.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكردووە، “دكتۆر نەجمەدین كەریم، یەكێك بوو لە دروستكەرانی پردی پەیوەندی لەنێوان كورد و ئەمریكا، بەندەش لەسەرەتای ژیانی سیاسیم لەو وڵاتە سوودی زۆرم لە ئامۆژگاری و كارەكانی بینیوە”.
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “لە هەمان کاتدا هەرگیز خزمەت و خەمخۆریی دكتۆر نەجمەدین-م بۆ تەندروستیی باوکم بیر ناچێتەوە، کە بۆ چەندین ساڵ لە کاتی وەرگرتنی چارەسەرەکانی لە ئەمریکا هەم وەکو پزیشک و جەڕاحێکی پێشکەوتوو، هەم وەکو هاوڕێ و دۆستێکی ئازیزی مام، دواتریش لە بەغداد و لە ئەڵمانیا، شەو و ڕۆژ چاودێریی تەندروستیی باوكمی دەكرد تا ماڵئاواییكردنی هەمیشەیی”.
لەلایەكی دیكەوە ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی هاوخەمی بەبۆنەی كۆچی دوایی نەجمەدین كەریم بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، “زۆر بەداخەوە ھەواڵی کۆچی دوایی دکتۆر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکوک-م پێگەیشت، خوالێخۆشبوو یەکێک بوو لە کەسایەتییە سیاسییە تێکۆشەرەکانی کوردستان و تەمەنێکی زۆری لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بەخشیوە”.
ڕێواز فایەق ئەوەشی خستوەتەڕوو، “دكتۆر نەجمەدین كەریم لەماوەی ساڵانی پارێزگاربوونی لە شاری کەرکوک، ئارامی و ئاوەدانییەکی بەرچاو لەو شارەدا بەرقەرار بووە، دوا ماڵئاوایی دکتۆر نەجمەدین کەریم خەمبار و نیگەرانی کردین، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسەو سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەو کەسوکاری دەکەین”.
هەواڵی كۆچی دوایی نەجمەدین كەریم
نەشوان جەلال، بەڕێوەبەری نوسینگەی نەجمەدین كەریم ئەمڕۆ شەممە 31ی تشرینی یەكەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك كاتژمێر 11ی شەوی هەینی بەكاتی ئەمریكا كۆچی دوایی كردووە”.
هاوكات لە پەیجە فەرمییەكەیدا هاتووە، “بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، لێرەوە ڕایدەگەیەنین، کە دوای نەخۆشکەوتنی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری كەركوك، ڕۆژی ھەینی کاتژمێر 11ی شەو بەکاتی ئەمریکا کۆچی دواییکرد”.
ئاماژە بەوەشكراوە، “لەسەر وەسیەتی خوالێخۆشبوو دکتۆر نەجمەدین کەریم تەرمی بەڕێزییان دەهێنرێتەوە بۆ کوردستان و بەشێوەیەکی کاتی لە كوردستان بە خاک دەسپێردرێت، تا ئەوکاتەی شاری کەرکوك ئازاد دەکرێت و لە ژێر ئەمنیەت و ئارامی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت، ئەوكات بەشێوەیەکی هەمیشەیی دەبرێتەوە بۆ شاری کەرکوكی پیرۆز”.
سێشەممەی ڕابردوو بەرپرسی نوسینگەی پارێزگاری پێشووی كەركوك باسی لە سەرەتاكانی تووشبوونی ناوبراو بە جەڵتەی مێشك كرد و ڕایگەیاند، “22 ڕۆژ بەر لە ئێستا د.نەجمەدین کەریم تووشی جەڵتەی مێشك بووە لە ئەمریکا، بەڵام دواتر تەندروستیی باش بوو”.
بە وتەی نەشوان جەلال، تەندروستیی نەجمەدین كەریم لەم ماوەیەی دواییدا بەڕادەیەك باش بوو بوو، كە “بە تەلەفۆن لەگەڵ زۆربەی سەركردەكانی كورد دا قسەیكردووە، لەوانە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەمیل بایك و ساڵح موسلم و عوسمان بایدەمیر و چەندین كەسایەتی تر.”
بەڵام وەك بەرپرسی نووسینگەكەی ئاشكرایكردبوو، “ماوەی دوو ڕۆژە تەندروستیی نەجمەدین كەریم تێكچووە و لە واشنتن خراوەتە ژێر چاودێریی چڕی پزیشکییەوە و باری تەندروستیی ناجێگیرە”.