دوو زانكۆی دیكە پرۆسەی خوێندنیان ڕاگرت

زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی

ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بڕیاری دا ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆكە ڕابگرێت، زانكۆی هەڵەبجەش هەمان بڕیاری پەسەندكرد.

زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بڵاویكردەوە، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ ئۆنلاین كۆبوونه‌وه‌ی ژماره‌ 5ی نائاسایی خۆی ئه‌نجامدا و پاڵپشت به‌و دەسەڵاتەی کە پێیدراوە، بڕیاری دا ڕۆژانی چوارشه‌ممه‌ و پێنجشه‌ممه‌ 24 و 25ی تشرینی دووەم پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم کۆلێج و پەیمانگاکانی سەر بە زانکۆكەیان ڕابگیرێت.

دەشڵێت، له‌گه‌ڵ داوا ڕه‌واكانی خوێندكارانه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ و دابینكردنی هه‌موو پێداویستییه‌كانی پرۆسەی خوێندن و به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان، هەروەها پێدانی دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی بە زانکۆکان لەپێناو باشتر خزمەتکردنی خوێندکاران و بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.

هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی زانکۆی هەڵەبجە بڕیاریدا ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بەفەرمی دەوامی خوێندکاران ڕابگیرێت.

دەشڵێت، لەهەمان کاتدا بەشە ناوخۆییەکان لە کاتژمێری 10ی سبەی چوارشەممە دادەخرێن.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران بە تۆڕی ‏میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لەبەر بەرژەوەندیی خوێندكاران و بۆ پاراستنی گیانیان و ‏دوورخستنەوەی كەسوكاریان لە ترس و نیگەرانی، ئەنجومەنی زانكۆ بڕیاری دا خوێندن بۆ ‏ماوەی دوو ڕۆژ، لە 24 و 25ی مانگ ڕابگرێت.‏

وتیشی، دەوامی خوێندن لە زانكۆ ڕۆژی یەكشەممەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو ‏دەستپێدەكاتەوە.‏

ڕاگرتنی دەوامی خوێندن لەكاتێكدایە، ماوەی چەند ڕۆژێكە خوێندكارانی زانكۆ و ‏پەیمانگاكان لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی و ناوچەكانی دەوروبەر خۆپیشاندانیان بۆ ‏داواكردنی گەڕاندنەوەی دەرماڵە دەستپێكردووە.‏

بابەتی پێشتر

وته‌بێژى یه‌كێتى: پشتگیریی خوێندکاران دەكەین و داوا لە حكومەت دەكەین دەرماڵەكانیان بۆ خەرجبكاتەوە

بابەتی دواتر

مۆسكۆ: فڕۆكەكانی ئەمریكا لەسەر بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لەدژی ڕوسیا مەشقیانكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share