سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەدەچێت و پرسی دەرماڵەی خوێندکاران گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران ڕۆژانی چوارشەممە بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەردەوامیی خۆپیشاندانی خوێندکاران کۆبوونەوەکەی پێشخست و بڕیارە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا پرسی دەرماڵەی خوێندکاران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.
ئەمڕۆ گردبوونەوەی خوێندکاران تەنها لە شاری سلێمانی نەبوو، بەڵکو ئیدارە سەربەخۆکان و شاری هەولێریشی گرتەوە، خوێندکاران و پەرلەمانتاران لە هەولێر دەڵێن، هێزە ئەمنییەكان هەڕەشەی دەستگیرکردنیان لێکردوون.
بەشێک لەو خوێندکارانە بە تۆڕی میدیایی ئێستایان ڕاگەیاند، “لەلایەن سەرۆکایەتیی زانکۆکانەوە ڕێگری لە خوێندکاران دەکرێت تا بچنە گردبوونەوەکە و لە ڕێگاشدا هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لێکردوون و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە، هەرشتێک ڕووبدات ئێوە (خوێندكاران) ڕووبەڕووی دەستگیرکردن دەبنەوە”.
لە ساڵی 2014 حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بە ڕاگرتنی خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران، بە بیانووی قەیرانی دارایی و كەمیی داهات.
لەئێستادا خوێندكاران داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەن بڕیاری گەڕاندنەوەی دەرماڵە بداتەوە، پێشتریش وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاندبوو لە سەرەتای ئەم كابینەیەوە داوای خەرجكردنەوەی دەرماڵەی خوێندكارانی كردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی بەبیانووی كەمیی داهات ڕەتیكردبووەوە.