خوێندنی باڵا: بە بەڵگەوە داوای خەرجکردنی دەرماڵەمان کردووە و وەزارەتی دارایی هۆکاری خەرجنەکردنی بووە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە پرسی خەرجنەکردنی ‏دەرماڵەی خوێندکاران وەڵامی وەزارەتی دارایی دەداتەوە و ڕایگەیاندووە، بە بەڵگەوە ‏داوای خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکارانیان کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی هۆکاری ‏خەرجنەکردنی بووە.‏

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان دوێنێ دووشەممە سەبارەت بە ‏خەرجنەکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان ڕایگەیاند، “هیچ نووسراوێكی ‏فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی لە ڕێگای ئەنجومەنی وەزیرانەوە ‏له‌ ساڵی 2021 دا نەھاتووە بۆ وەزارەتی دارایی تایبەت بە دەرماڵەی خوێندكاران”.‏

لە وەڵامی ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی داراییدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی ‏زانستی لە ڕاگەیەندراوێكدا جەختدەکاتەوە، وەزارەتەکەیان لەسەرەتاى كابينەى نۆيەمى ‏حكومەتى هەرێمى كوردستانەوە داواى لە وەزارەتى دارايى و ئەنجومەنى وەزيران ‏كردووە، بەزووترين كات دەرماڵەى خوێندكاران خەرجبكرێتەوە.‏

وەزارەتی خوێندنی باڵا وەڵامەکەی بۆ وەزارەتی دارایی لەژێر ناونیشانی ”بە بەڵگە، ‏وەزارەتی دارایی هۆکاری خەرجنەکردنی دەرماڵە بووە” بڵاوکردووەتەوە و هاوکات ‏وێنەیەک لەو نووسراوەی کە وەزارەت بۆ خەرجکردنی دەرماڵە پێشکەشیکردووە لە ‏ئەنجومەنی وەزیران، وەک بەڵگەیەک خستووەتەڕوو.‏

وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەو بەڵگەیە وەزارەتى خوێندنى باڵا ‏داوايكردووە دەرماڵەى خوێندكاران بخرێتەوە ناو پرۆژەياساى بودجەى حكومەتى هەرێمى ‏كوردستان، بەڵام وەزارەتى دارايى بەبيانووى زۆریی بودجەكە و نەبوونى داهات، ‏داواكارييەكەى وەزارەتى خوێندنى باڵاى نەخستووەتە ناو پرۆژەياساى بودجە.‏

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، “بەڵگەکە دەریدەخات ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و ‏توێژینەوەی زانستی، پرسەکەی بردووەتە سەر مێزی ئەنجومەنی وەزیران و لە ‏کۆبوونەوەیەکدا بە بەشداریی سەرۆک وەزیران، داوایکردووە بەهەر جۆرێک بێت دەست ‏بە خەرجکردنەوەی دەرماڵەی خوێندکاران بکرێتەوە”.‏

وێنەی داواكارییەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاویکردووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پارێزگاری سلێمانی: داواكاریی فەرمانبەرانی گرێبەستی كۆمسیۆنمان پێشكەش بە سودانی كرد

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، داواكاریی فەرمانبەرانی گرێبەستی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقمان پێشكەش بە سەرۆك وەزیرانی عێراق…
زیاتر ببینە

وەزارەتی دارایی: لە ئاییندەیەکی نزیکدا 140 ئامێری راکێشانی پارە لە سەرتاسەری هەرێم دادەنرێن

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم رایدەگەیەنێت، “لە ئاییندەیەکی نزیکدا 140 ئامێری راکێشانی پارە لە سەرتاسەری هەرێم دادەنرێن”. وەزارەتی…
Total
0
Share