لەگەڵ نزیکبوونەوەی تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی کۆرۆنا، تائێستا چارەسەرەکانی ئەو ڤایرۆسە مشتومڕی لەسەرە، بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ یەکێک لە سەرەکیترین چارەسەرەکانی ڤایرۆسەکە، كە دێکسامیسازۆن-ە بۆ پیاوان کاریگەریی زیاترە وەک لە ژنان.
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی کالگاری لە کەنەدا دەریخستووە، حەبی ”Dexamethasone” کە یەکێکە لە چارەسەرە سەرەکییەکانی کەمکردنەوەی هەوکردنی سییەکان لەکاتی تووشبوون بە کۆرۆنا لەڕێگەی کاریگەریی لەسەر کاری خانەکانی بەرگریی جەستە، کاریگەرییەکەی لەسەر پیاوان زیاترە وەک لە ژنان.
دەرەنجامەكە کۆکراوەی ئەنجامی ژماریەک توێژینەوەیە لەهەمان بواردا، کە بەسەرپەرشتیی جێف بێرناسکی و برایان بیب پزیشکانی پسپۆڕی زیندەزانی ئەنجامدراوە، بەوپێیە تووشبووانی کۆرۆنا لە ڕەگەزی نێر زیاتر سوودمەند دەبن لە چارەسەرەکە بەراورد بە تووشبووانی ڕەگەزی مێ.
دکتۆر بیب دەڵێت، “توێژینەوەکانمان دەریانخستووە ئەو تووشبووانەی لە ڕەگەزی نێرن سوودی تەواو لە چارەسەری “Dexamethasone” وەردەگرن، لەکاتێکدا تووشبووانی ڕەگەزی مێ بەشێوەیەکی دیاریکراو و کەمتر سوودی لێوەردەگرن، لەکاتێکدا چارەسەرەکە یەکێکە لە سەرەکیترین چارەسەرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا”.
سەبارەت بە هۆکارەکەی، ئەو پزیشکە پسپۆڕە دەڵێت، تائێستا نازانرێت ڤایرۆسەکە چۆن کارلێک لەگەڵ خانەکاندا دەکات، هەروەها نازانرێت بۆچی هەندێک بەئاسانی تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و هەندێکی دیکە بەهیچ شێوەیەک تووشنابن، یان بۆچی هەندێک چارەسەر لەسەر هەندێک تووشبوو کاریگەریی هەیە و لەسەر هەندێکی دیکە نییەتی.
”Dexamethasone” یەکێکە لەو چارەسەرانەی لەسەرەتای دەرکەوتنی پەتاكەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەکارهێنراوە، کاریگەرییشی هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان.