دوای دەنگۆ و هەواڵی بێسەروشوێنبوونی پینگ شوای كچە تێنسزانی چینی، كە پێشتر وتبووی دەستدرێژیی كراوەتە سەر، چەند كەس و لایەنێكی چینی وێنە و ڤیدیۆی كچە تێنسزانەكەیان بڵاوكردەوە، بۆ نیشاندانی سەلامەتیی شوای.
چەند ڕۆژێكە هەواڵی بێسەروشوێنبوونی پینگ شوای لە میدیا جیهانییەكان بڵاوبووەتەوە، بەوەی دوو هەفتەیە هیچ دەركەوتنێكی نەبووە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕایگەیاندبوو دەستدرێژیی سێكسیی كراوەتە سەر و ناوی چانگ گۆلی جێگری سەرۆکی پێشووی چینی هێنابوو.
بەڵام بەشێک لە میدیا حکومییەکانی ئەو وڵاتە و چەند كەسایەتییەك لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ژمارەیەک وێنە و ڤیدیۆیان بڵاوکردەوە، کە گوایە ئەو وێنانە پینگ شوای لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بە چین بڵاویکردوونەتەوە.
یەكێك لەو ڤیدیۆیانەی بڵاوكراوەتەوە، گوایە پینگ شوای بەشدارییکردووە لە پاڵەوانێتیی تێنسی پەکین، ئەوەش وەک دوایین دەرکەوتنی ئەو کچە یاریزانە.
Peng Shuai showed up at the opening ceremony of a teenager tennis match final in Beijing on Sunday morning. Global Times photo reporter Cui Meng captured her at scene. pic.twitter.com/7wlBcTMgGy
— Hu Xijin 胡锡进 (@HuXijin_GT) November 21, 2021
هەروەها لە پەڕەیەكی تویتەرەوە بەناوی @shen_shiwei لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، كە گوایە میدیایەكی فەرمیی سەر بە دەوڵەتە، چوار وێنەی پینگ شوای بڵاوكرایەوە، گوایە پینگ شوای لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “وی چات”، کە یەکێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەربڵاوەکانی وڵاتی چین، وێنەکانی بڵاوکردووەتەوە و بە زمانی ئینگلیزی نووسیویەتی “Happy weekend”.
هەروەها ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی گڵۆبەڵ تایمز، کە ڕێکخراوێکی میدیایی چینیی سەر بە دەوڵەتە، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، گوایە پینگ شوای لە ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەكی تێنسی تازەپێگەیشتوواندا دەردەکەوێت.
ئەوە سێیەم گرتە ڤیدیۆیی ئەو یاریزانەیە کە لەهەمان هەژمارەوە بڵاوبکرێتەوە و لە دوو گرتەکەی دیکەدا پینگ شوای لەگەڵ ڕاهێنەر و هاوڕێکانیدا لەیەکێک لە چێشتخانەکاندا دەردەکەوێت.
هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردووە، ڕێکخەرانی پاڵەوانێتییەكە بەهەمانشێوە ئەو وێنەی پینگ شوای-یان لە پەڕەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
بەڵام وتەبێژی یەکێتیی یاریزانانی تێنس بە ڕۆیتەرزی وتووە، بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە نابێتە بەڵگەی تەواو بۆ سەلامەتیی پینگ شوای و ڕەواندنەوەی ترس و دوودڵییەکان.
ستیڤ سیمۆن سەرۆکی یەکێتییەکە هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەگەر دڵنیانەبنەوە لە سەلامەتیی ئەو یاریزانە، پاڵەوانێتییەکانیان لە چین دەکشێننەوە.