عێراق.. 500 هەزار منداڵ لەلایەن مافیاکانی سواڵکردن و بازرگانیپێکردنەوە بەکاردەهێنرێن

لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق، ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن منداڵانی عێراقی ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە و لە ژینگەیەکی ناتەندروست و نائارامدان، نزیکەی 500 هەزار منداڵی عێراقیش بێماڵن و ڕووبەڕووی بەکارهێنان دەبنەوە بۆ سواڵکردن، بازرگانیپێکردن و کاری قورس.

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە شارەزایان و چالاکوانانی ئەو بوارە ئاشکرایدەکەن، دۆخی بەشێک لە منداڵانی عێراق لە مەترسیدایە، بەشێکی زۆریش لەوانە ڕووبەڕووی سواڵپێکردن و بازرگانیپێوەکردن دەبنەوە لەلایەن باندە مافیاییەکانەوە و ناچار بە کاری قورس دەکرێن.

ئاماژەیان بەوەکردووە، منداڵانی عێراقی لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە گرنگییان پێنادرێت و دامەزراوە حکومییەکان لەو ڕووەوە ئامادەییان نییە.

یەکێک لەو چالاکوانە عێراقییانەی بواری مافەکانی ژن و منداڵ دەڵێت، “ژمارەی ئەو منداڵە عێراقییانەی بێماڵن نزیکەی 500 هەزار منداڵن، بەشێک لەوانە بەهۆی شەڕی داعشەوە باوک و دایکیان لەدەستداوە و لەلایەن باندە مافیاییەکانەوە بەکاردەهێنرێن”.

تائێستا هیچ داتا و ئامارێکی فەرمی نییە سەبارەت بە دۆخی منداڵانی عێراقی و ئەوانەی ڕووبەڕووی ئەو جۆرە کارپێکردن و بازرگانیپێکردنانە دەبنەوە، بەڵام نووسینگەی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق باس لەوەدەکات، “کارپێکردنی منداڵان و بازرگانیپێوەکردنیان دیاردەیەکی مەترسیدارە لە کۆمەڵگەی عێراقیدا، لەپاڵ هۆکارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکاندا چەندین هۆکاری دیکەی وەک هەژاری و کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان پاڵنەری زیادبوونی دیاردەکەن”.

بابەتی پێشتر

بەڵگەکانی بەکارهێنانی کیمیایی لەلایەن توركیاوە ڕەوانەی ناوەندە جیهانییەكان دەكرێت

بابەتی دواتر

ڕاوكردن لە سنووری مەیدان زیادیكردووە و لەبارەی كارئاسانیكردنەوە قسەی جیاواز ‏دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share