ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا و هەرێمی کوردستان، لەبارەی دۆخی کۆچبەرانەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر هاوکاری کۆچبەران بۆ گەڕانەوە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ماتێیۆش مۆراڤیتسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا ئامادەیی حکومەتەکەی بە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕاگەیاندووە، تا بتوانن کێشەی مانەوەی کۆچبەران لەسەر سنورەکان چارەسەر بکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم، ” سەرۆکی حکومەت، هەموو ئامادەییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهاناوەچوونی ئەو کۆچبەرانە و باشترکردنی بارودۆخیان و سەلامەتییان دووپاتکردەوەتەوە و ڕایگەیاندووە، “بەداخەوە ئەو کۆچبەرانە، بووونەتە قوربانی دەستی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان و ناکۆکی نێوان بێلارووس و یەکێتیی ئەوروپا، هەرێمی کوردستان، ئێستا پەناگەیەکی ئارامە بۆ نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، “هەردوولا هاوڕابوون کە کۆچبەران، لە لایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێنراون و بوونەتە قوربانی تاوانێکی ڕێکخراو، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، ستایشی ئەو ڕێکارانەی کرد کە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتەبەر بەرامبەر ئەو تاوانبارانەی، بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن ، هەروەها گرتنەبەری پشکنین و ڕێکاری توند وپێویست لە فرۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی ئەو کارە نایاساییانە ئەنجام دەدەن، هەروەها گفتوگۆ دەربارەی هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد و هاوبەشەکانی دیکە کرا، بۆ پێشکەشکردنی کارئاسانی لە پێناو گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران”.
ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێم ئاماژە بەوەدەکات، “سەرۆکی حکومەت، خۆشحاڵی خۆی بۆ پێکهێنانی تیمێکی تەکنیکی هاوبەش دەربڕی بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ڕێکارانەی پێویستن بۆ ڕێگریکردن و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، جەختی لەوەشکردەوە، کە پێویستە بێلارووس و پۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپا، ئەرک و پابەندبوونی نێودەوڵەتیی خۆیان لە ڕێگەدان بە کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور بۆ گەیاندنی هاوکاری بەپەلە و بەهاناوەچوونی کۆچبەران جێبەجێ بکەن”.