دوای ئەوەی “بەتۆمەتی پێشێلكردنی مافی چاپكردن”، هونەرمەند بەختیار سەعید دەستگیركرا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە، دەڵێت، بڕیاری ڕاگرتنی ناوبراو لەلایەن دادوەرەوە دەرچووە و دەسەڵاتی بەرێوەبەرێتییەكەی تێدانییە.
لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە، “دوای ئەوەی لە ساڵەكانی 2010 و 2013 (بەختیار سەعید) دوو كوراسەی تایبەت بە هونەرمەندان، (بەدیع بابا جان) و (ئازاد شەوقی) ئامادەكرد و لە بەڕێوەبەرێتیی هونەری شێوەكاری كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمانە، چاپی یەكەمیان بۆ كرا، مافی چاپ بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پارێزرا، بەڵام بەڕێزیان ئەو مافەیان پێشێلكرد و چاپی دووەمیان بۆ سەنتەری مارگرێت كرد، كە نەدەبوو ئەو پێشێلكردنە ڕووبدات”.
دەشڵێت، “بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شێوەكاری، سكاڵایان لەسەر تۆماركرد، دوای ئەوەی دیوانی چاودێریی دارایی بە ڕاپۆرتی ژمارە (49) لە 2016/4/3 هاتنە ناو كێشەكەوە و لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهات، چەند جارێك (بەختیار سەعید) بانگكرا و جگە لەو مەسەلەی پێشێلكردنی مافی چاپە، داوای بەڵگەكانی لێكرا كە كوراسەكان چۆن دابەشكراون، بەڵام ناوبراو بەڵگەی پێویستی ئامادەنەكرد، بۆیە دواجار دادگا هاتە ناو كێشەكەوە”.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی ڕوونیشیدەكاتەوە، “كوراسەی (بەدیع بابا جان) كە (2000) دانەی لێچاپكراوە، (1036) دانەیان لەلایەن (بەختیار سەعید)ــەوە وەرگیراوە، بەڵام تەنها بەڵگەی (400) دانەیان هێنراوەتەوە، هەروەها كوراسەی (ئازاد شەوقی) كە (1500) دانەی لێچاپكراوە، هەمووی لەلایەن (بەختیار سەعید)ــەوە وەرگیراوە و تەنها بەڵگەی دابەشكردنی (240) دانەیان هێنراوەتەوە”.
بەرێوەبەرایەتییەكە دووپاتیشیدەكاتەوە، “ڕاستە لەلایەن بەڕێوەبەرێتیی هونەری شێوەكارییەوە سكاڵا لەسەر ناوبراو تۆماركراوە، بەڵام بڕیاری ڕاگیرانی لەلایەن دادوەرەوە دەرچووە و دەسەڵاتی ئێمەی تێدانییە”.