چێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی: دۆخەكە هێوربكرێتەوە و چارەسەری یاسایی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن بدۆزرێتەوە

هێزه‌كانی چێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی (الاطار التنسيقي)، كە لەلایەن نوری مالكییەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت، لەگەڵ هەریەكە لە بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی كۆبوونەوە، بەئامانجگرتنی خۆپیشانداران و هەروەها هێرشی سەر ماڵی كازمی ڕەتدەكەنەوە، داوای ڕاگرتنی هێرشە میدیاییەكان و هەروەها دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی بۆ ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەكەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی چێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، شەوی ڕابردوو بەئامادەبوونی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و هەروەها سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری كۆبوونەتەوە.

چێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی لە ڕاگەیەندراوەكەدا پێنج خاڵی ئاماژەپێداوە، بریتین لە:

یه‌كه‌م: سەركۆنەكردنی تاوانی به‌ئامانجگرتنی خۆپیشانده‌ران و تەواوكردنی لێكۆڵینه‌وه‌ دادوه‌رییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته‌ و دیاریكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شدارن له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران.

دووه‌م: ڕه‌تكردنه‌وه‌ و سەركۆنەكردنی تاوانی به‌ئامانجگرتنی ماڵی مستەفا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران و ته‌واوكردنی لێكۆڵینه‌وه‌كان و پێكهێنانی تیمێكی تایبه‌تمه‌ند بۆ زانینی هۆكاره‌كانی تاوانه‌كه‌ و گه‌یاندنی بكه‌رەكانی به‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.

سێیه‌م: كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژیه‌كان و ڕاگرتنی شه‌ڕی میدیایی لەلایەن هەموو لایەنەكانەوە، دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هاندانی شه‌قام و هه‌نگاونان به‌ره‌و هێوركردنه‌وه‌ی هاوڵاتییان و ناردنی په‌یامی دڵنیایی بۆ گه‌لی عێراق.

چواره‌م: گه‌ڕان به‌ دوای چاره‌سه‌ری یاسایی بۆ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، به‌جۆرێك هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بدرێت، هەروەها هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ی له‌دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

پێنجه‌م: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە جه‌ختیان له په‌رۆشییان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر پاراستنی ئاشتی و چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كان لە چوارچێوه‌ یاسایی و سیاسییەكان.

هێزه‌كانی چێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی (الاطار التنسيقي) لە چەند لایەنێك پێكهاتوون، كە دەوڵەتی یاسای نوری مالكی و هاوپەیمانیی فەتحی هادی عامری سەرەكیترینیانن.

بابەتی پێشتر

شەڕی سەرپۆش لەبەر دەرگای زانکۆی تاراندایە

بابەتی دواتر

وێنە.. لە گەرمیان تووشبوویەكی كۆرۆنا لەناو نەخۆشخانە منداڵی بوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share