ئاژانسی ” RT”ی ڕوسی، لە چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگری و ئەمنیی عێراقییەوە زانیاریی نوێ لەبارەی هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرادەكات.
بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسەكە، ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی لە هێرشەكەدا بەكارهاتوون، لە ناوچەی گرێعاتی باكووری بەغدادەوە فڕیون و فڕۆكەكان و مووشەك و تەقەمەنییەكانیشیان لەهەمان ئەو جۆرانە بوون كە پێشتر لە هێرشكردنەسەر بنكە و بارەگاكانی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بەكارهاتوون.
یەكێك لە پسپۆڕەكانی لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە بە ئاژانسەكەی ڕاگەیاندووە، “شیكارییەكان دەریدەخەن هێرشكاران زانیویانە ناتوانن لەناو ماڵەكەیدا كازمی بپێكن، بۆیە بە سێ فڕۆكە هێرشیانكردووەتەسەری”.
لەبارەی هۆكاری بەكارهێنانی سێ فڕۆكە لە هێرشەكەدا، پسپۆڕەكە ڕوونیكردووەتەوە، سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە هێرشەكەدا بەكارهاتوون و پلانەكە بەو شێوەیە بووە كە فڕۆكەیەك ماڵەكەی كازمی بۆردومانبكات، بۆئەوەی كازمی ناچاربكرێت ماڵەكەی بەجێبهێڵێت و دواتر تیرۆربكرێت، بەڵام سەركەوتوونەبوون.
بەپێی وتەی ئەو پسپۆڕە ئەمنییە، هێشتا نازانرێت ئەو لایەنە كێیە كە لەپشت هێرشەكەوە بووە.