وەزیری ناوخۆ: لەهەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانداین

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان باسی لە یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی هەرێم کرد و ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی کەمدا جێبەجێدەکرێت و جەختیکردەوە لەهەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکاندان.

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان ڕێککەوتین و پێشتر پڕۆژەکە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێککەوتنمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی کردووە و لە ماوەیەکی کەمدا جێبەجێی دەکەین”.

سەبارەت بە بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ پێدانی تابلۆ بەو ئۆتۆمبێلانە وەزیری ناوخۆ جەختیکردەوە، لە هەرێم ئاماری ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانیان وەرگرتووە و بەدواداچوونی جددی دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، بڕیارەکەی حکومەتی عێراقیش لەچوارچێوەی یاسای بودجەی 2021ـدا دراوە.

لەسەر پرسی چاکسازی لە کۆمپانیا ئەمنییەکان ڕێبەر ئەحمەد دەڵێت، “چاکسازی لە کۆمپانیا ئەمنییەکان بە یاسایەک ڕێکدەخرێت کە پێشتر تەنها ڕێنماییەکی وەزارەتی ناوخۆ ڕێکیخستبوو، بەپێی یاساکە کاری کۆمپانیا ئەمنییەکان، مافی کۆمپانیاکان و ئەوانەی لەو کۆمپانیایانە کاردەکەن و سەرپێچییەکانیان ڕێکدەخرێت کە پێشتر بەدەر لە کاری خۆیان کاری دیکەیان کردووە کە لە دەرەوەی یاساکانی هەرێمی کوردستان بووە بەتایبەت لەڕووی ئەمنییەوە”.

بابەتی پێشتر

ڕۆیتەرز: گروپەكانی نزیك ئێران لەپشت هێرشەكەی سەر كازمین

بابەتی دواتر

(NBA) واریەرز لوتکەی ڕیزبەندیی خۆرئاوای گرتووە و برینەکانی ڕۆکێتسی قوڵتر کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share