بڕیارە شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە سلێمانی سەردانی لایەنەکان بکات و سەرەتا دەچێتە لای بزوتنەوەی گۆڕان.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، یەکێتی بە شاندێک، سەبارەت بە پرسی ئەنجامی هەڵبژاردن و حکومەتی داهاتووی عێراق، سەردانی لایەنەکان دەکات و گفتوگۆدەکات سەبارەت بە دید و تێروانینی حزبەکە لەبارەی حکومەتی داهاتوەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ شاندەکە بچێتە لای بزوتنەوەی گۆڕان و پاشان لە ڕۆژانی داهاتوودا زنجیرە کۆبوونەوەکان بەردەوامبێت.
پێشتر بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاندبوو، یەکێتی لەگەڵ ئەو لایەنانەدایە، کە خزمەت و چاکسازی دەکەنە بنەمای بەشدارییان لە حکومەتی داهاتووی عێراق و یەکێتی پێیوایە دەبێت کورد لە بەغداد یەکدەنگبێت لەسەر پرسە نیشتمانییەکان.
هەروەها لە كۆبوونەوەی پێشووتری مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا “ھەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی سیاسیی عێراقی دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كرا و لیژنەیەکی تایبەتی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی ڕوانین و پڕۆژەی یەکێتی بۆ ئیستیحقاقەکانی دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و بەشداریی کورد بە یەکڕیزییەوە لە بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کوردستان و دیاریکردنی ئەولەویاتەکانی ئەو دۆسیەیە”.