كۆمسیۆن: ئەمڕۆ دۆسیەی تانەکان کۆتایی دێت

كۆمسیۆن کۆتاییھاتنی ژماردن و جیاكردنەوەی وێستگەكانی كەركوك و سێ پارێزگای دیكە ڕادەگەیەنێت و دەشڵێت، ئەمڕۆ دوایین ڕۆژی دۆسیەی تانەكان دەبێت.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، دوێنێ ژماردن و جیاکردنەوەی دەستی ئەو وێستگانەی بەڵگەیان لەبارەوە پێشکەشکراون لە چوارچێوەی پاشکۆی تانەی پاڵێوراوەکانی كەركوك و زیقار و سەڵاحەدین و نەینەوا كۆتایی هات.

پرۆسەكە بە ئامادەبوونی نوێنەری پاڵێوراوە تانەدەرەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی و ڕاگەیاندنە ڕێپێدراوەکان بەڕێوەچووە.

ئەنجامی ووردبینی ئەو بەڵگانە بۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران بەرزدەکرێتەوە بۆ وەرگرتنی ڕاسپاردەی گونجاو لە بارەیەوە لەژێر ڕۆشنایی ڕێکارە پەیڕەوکراوەکان، وەك ئەوەی كۆمسیۆن ئاماژەی پێداوە.

دەشڵێت، ئەمڕۆ دەبێتە کۆتا ڕۆژی دۆسیەی تانەکان، پێداچوونەوە دەكرێت بەو بەڵگانەی لە چێوەی پاشکۆی تانەکانی پاڵێوراوانی پارێزگای بەسرە پێشكەشكراوە، بۆئەوەی دۆسیەی تانەکانیان بەتەواوی یەکلابکرێتەوە.

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە كۆمسیۆن كارەكانی جیاكردنەوە و ئەژماری دەستی بۆ ئەو وێستگانەی پارێزگاكان دەستپێكردووە كە لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە تانەیان لێدراوە.

لە 10ی تشرینی یەكەمی ڕابردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدرا، تائێستا كۆمسیۆن تەنها ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكەی ڕاگەیاندووە و ئەنجامی كۆتایی پاش یەكلاكردنەوەی جیاكردنەوەی دەستیی وێستگەی پارێزگاكان دەبێت.

بابەتی پێشتر

بەرهەم ساڵح: ناتوانین قبوڵی بکەین عێراق پەلکێشبکرێتە ناو ئاژاوەوە

بابەتی دواتر

شەمخانی هەوڵی تیرۆركردنی كازمی دەبەستێتەوە بە خۆرئاواوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share