ماڵی كاندیدێكی براوەی هەڵبژاردنەكەی مانگی ڕابردووی عێراق لە دیوانییە بە نارنجۆك هێرشیكرایەسەر.
هێرشەكە كاتژمێر 05:00ی بەیانیی ئەمڕۆ بۆسەر ماڵی نازم شبلی لە دیوانییە بووە و لە ئاكامیدا ئۆتۆمبێلەكەی تێكشكاوە و زیانیش بەر ماڵەكەی كەوتووە، بێ ئەوەی زیانی گیانی هەبێت.
شبلی كاندیدی سەربەخۆیە و پێشتر یاریدەدەری هونەریی پارێزگاری دیوانییە بووە.
بەپێی یاسایی نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەكاتی چۆڵبوونی هەر كورسییەكی پەرلەمان بەهەر هۆكارێك، ئەو كاندیدەی زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنی لەسەر ئاستی بازنەكەی بەدەستهێناوە دەچێتە جێگاكەی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لەهەمان لیستن یان نا.
ئەمەش بەپێی وتەی شارەزایان ئەگەری هەوڵی لەناوبردنی كاندیدانی براوەی هەڵبژاردن، بەتایبەت لەو ناوچانەی پڕناكۆكین زیاتر دەكات.