سكرتێری حزبی سۆسیالیست ڕایدەگەیەنێت، “حزبەکەی ترامپ لە حزبەکەی بایدن بۆ کورد باشتر بوو، بەڵام ترامپ لە هەردوو حزبەکە بۆ کورد خراپتر بوو” و دەشڵێت، هەر کوردێک لە هەر کوێی جیهان بێت دەبێت پشتیوانی لە بایدن بکات.
محەمەد حاجی مەحمود لە پەیجی خۆی نوسیویشیەتی، “هەر چەندە کورد ڕەنگە ئەو ژمارەیە نەبێت گۆڕانکاری گەورە لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دانێت یان بکات، بەڵام هەموو کورد یا هەر کوردێک لە هەر کوێی جیهان بێت ئەبێت پشتیوانی لە بایدن بکات”.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
چەند ڕۆژێکی کە لە ڕێکەوتی ۲٠۲٠/۱۱/۳ ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەمریکایە، زۆر لە وڵاتان و کەسایەتی و زۆری لایەن و حزب و ڕێکخراو تەحلیل ئەکەن، کە کێ باشە بۆ ئەمریکا و جیهان لە نێوان ترامپ و بایدن دا من پێم وایە هەر کوردێک لە کوردستانی باشور ئەو پرسیارە بکات بە هەڵەدا چووە.
حزبەکەی ترامپ لە حزبەکەی بایدن بۆ کورد باشتر بوو، بەڵام ترامپ لە هەردوو حزبەکە بۆ کورد خراپتر بوو. ترامپ دەبابە و چەکی دوا مۆدێلی تەکنەلۆجیای دا بە عێراق و دژی کورد وەستایەوە، پێشمەرگە بە چەکی ئەمریکی ترامپ و ئەمریكی پەڕڵەمان و بە جێ بە جێ کردنی عەبادی، کەرکوک و خانەقین و دوس و داقوق و دبس و مەخمور و عەین زالە و سنجاریان تەسلیم بە عەرەب کردەوە و کورد % 51 خاکی کوردستانی لە دەست دا.
لە خاکی کوردستانی سوریاش عەفرین و سەرێکانی و زۆر ناوچەی دیکەی بە ڕەسمی تەسلیمی تورکیا کرد لە ڕێگای نوێنەری تایبەتی خۆیەوە و ئێستا بەشێکی زۆری کوردستانی ڕۆژئاوا تەسلیم بە تورکیا کراوە لەسەر دەستی ترامپ، بۆیە لەم ڕاستییانە نە کورد خۆی بە گێل بزانێ و نە ئەوانیش بە گێل بزانێ.
لە سەردەمی دەسەڵاتی ترامپ دا کۆرۆنا زیاتر لە (۲٠٠،٠٠٠) دوو سەد هەزار کەسی لە ئەمریکا کوشتووە و زیاتر لە (۹،٠٠٠،٠٠٠) نۆ ملیۆن تووشبووە، بۆیە دەرچوونەوەی ترامپ کارەساتی گەورەتری بە دواوەیە و لە هەموو حاڵەتەکاندا هەر چەندە کورد ڕەنگە ئەو ژمارەیە نەبێت گۆڕانکاری گەورە لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دانێت یان بکات، بەڵام هەموو کورد یا هەر کوردێک لە هەر کوێی جیهان بێت ئەبێت پشتیوانی لە بایدن بکات، هیوادارین خەڵکی ئەمریکاش دەرک بەو ڕاستییانە بکەن هەر چەندە سیاسەتی ئەمریکا دامەزراوەییە و گۆڕانی زۆر تێدا ناکرێت، بەڵام کەسایەتی سەرۆک ئەتوانێ ڕاڕەوەکە بگۆڕێت لەوەی ئێستا هەیە.
ئومێدی سەرکەوتن بۆ بایدن و کۆشکی سپی ئەخوازم
محەمەد حاجی مەحمود
کوردستانی باشور
هەڵەبجە/ گوڵەخانە
۲٠۲٠/۱٠/۲۸