جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی بڕیاری ڤاکسینکردنی ئەوانەی تەمەنیان 12 ساڵ بەرەو سەرەوەیە، بەستەوە بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستییەوە، دەشڵێت، بەغداد 200 ملیارەكەی مانگی 10ی نەناردووە.
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی پێدانی ڤاكسین بە منداڵانی تەمەن 12 ساڵ بەرەو سەرەوە ڕایگەیاند، “چاوەڕێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی دەبین لەوبارەیەوە، تاوەکو دەستپێبکەین”.
دوێنێ دووشەممە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ئەوانەی تەمەنیان 12 ساڵ بۆ سەرەوەیە ڤاکسینی کۆرۆنایان پێبدرێت، بڕیارەكەش بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دراوە.
وتەبێژی حکومەتی هەرێم قسەشی لەبارەی سستیی پێدانی مووچەوە كرد، وتی، گرفت لە كۆكردنەوەی داهات هەیە، جگە لەوەی بەغداد تا ئێستا 200 ملیار دینارەكەی مانگی ڕابردووی تشرینی یەكەمی نەناردووە.