ئازەربایجان ڕایدەگەیەنێت لە سەرەتای شەڕی قەرەباغەوە تا ئێستا بەهۆی هێرشەكانی ئەرمینیاوە 69 هاوڵاتیی سڤیلی وڵاتەكەی كوژراون و 322 كەسیش بریندار بوون.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، “هێرشەكانی ئەرمینیا بوونەهۆی كوشتنی 69 هاوڵاتیی سڤیل و برینداربوونی و 322 كەسی دیكە”.
هەرچەندە بەنێوەندگیری ڕوسیا و ئەمریكا چەند جارێك ئاگربەست لەنێوان هەردوو بەرەكەی شەڕی قەرەباغدا ڕاگەیەندرا، بەڵام هیچ لایەكیان پابەند نەبوون.
لە نوێترین هەڵوێستیشدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوێنێ سێشەممە 27ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، “عەباس عێراقچی، یاریدەدەری سیاسیی وەزیری دەرەوە، سەردانی وڵاتانی هەرێمی دەكات بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی دەستپێشخەرییەكەی ئێران بۆ چارەسەركردنی ململانێی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا سەبارەت بە هەرێمی قەرەباغ”.
سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، “عێراقچی ناوچە سنوورییەكان بەسەردەكاتەوە و بەدواداچوون بۆ دوایین پێشهاتە مەیدانییەكانی جەنگەكە دەكات، هەروەها پلانی هەیە سەردانی باكۆ و مۆسكۆ و یەریڤان و ئەنكەرە بكات.”
پێشتر ئێران ڕایگەیاندبوو، دەستپێشخەرییەكی هەیە بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی قەرەباغ و لەوپێناوەشدا لەگەڵ ئازەربایجان و ئەرمینیا و وڵاتانی ناوچەكەدا گفتوگۆ دەكات.