یەکێتی لە کەرکوک وەڵامی لایەنە تورکمانی و عەرەبەکانی دایەوە

دوای ئەوەی لایەنە تورکمانی و عەرەبەکان لە کەرکوک بەیاننامەیەکیان دژی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بڵاوکردەوە، یەکێتی لە کەرکوک وەڵامیدانەوە و ڕایگەیاند، ” چەند لایەنێکی شۆڤێنی وەک هاوسۆزیەک بۆ تێرۆرستان، بەیاننامەیان لەدژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بڵاوکردووەتەوە”.

مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوکی یەکێتی ڕایگەیاندووە، ” شەوی ڕابردوو هێزەکانی پێشمەرگە لەبەرزاییەکانی زورگە زراو سەر بەناحیە پردێ کەوتنە بەر هێرشێکی تیرۆرستانی داعش، بەداخەوە دوو پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەکیتریش برینداربوون، ئەوەی جێگەی نیگەرانیە کە هێزو لایەنە تورکمانی و عەرەبی و عێراقییەکان لەبری ئەوەی پڕۆتستۆی ئەو کارە تیرۆرستیە بکەن، ڕایانگەیاندوە دژی پێکهێنانی هێزی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقین”.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  ئاماژەی بەوەشکردووە، ” ڕەتکردنەوەی چەمکی (هاوبەشی و هاوئاهەنگی) لەپێناو پاراستنی ئاسایشیی سەرو ماڵی هاوڵاتیانی سەرجەم نەتەوەکان خۆی لەخۆیدا دەیسەلمێنێت ئەو جۆرە سیاسەتانە جگە لە ئەجێندایەکی شۆڤێنی و تایەفی هیچ خزمەتێک بە پێکهاتەکانی کەرکوک ناگەیەنێت”.

لە بەیاننامەکەدا داوایەک ئاڕاستەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کراوە کە، پەلە بکات لەپڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی تری سوپای عێراق، چونکە چەکدارانی داعش سودیان لەو بۆشاییە وەرگرتووە و بوونەتە مەترسی بۆ سەر ماڵ و ئاسایشی کەرکوک و کەرکوکیەکان، بێگومان ئەمەش بە دروستبون و پێکهێنانی هێزی هاوبەش لەو سنورانە دوخی ئەمنی بەهێزتر دەبێت.

بابەتی پێشتر

ئەتلەتیکۆ مەدرید 3-0 ڕیاڵ بیتیس

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) میلان لوتکەی لە ڕۆما بردەوە و لەگەڵ ناپۆلی هاوتابووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share