جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، داعش لەماوەی شەش مانگی داهاتوودا ڕەنگە بتوانێت هێرشبكاتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، کۆڵین کال جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریكا بە كۆنگرێسی ڕاگەیاندووە، “لیژنەی هەواڵگریی ئەمریکا خەمڵاندوویەتی، پێدەچێت ڕێکخراوی داعش لە ئەفغانستان بتوانێت لە ماوەی شەش مانگدا هێرش بکاتە سەر ئەمریکا.”
كاڵ پێیوایە، هێشتا داعش هەڕەشەیەكی مەترسیدارە لە ئەفغانستان بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، تەنانەت دوای ئەوەی ئەمریکا لەو وڵاتە كشایەوە.
بەرپرسەكەی ئەمریكا لەبەردەم كۆنگرێسی وڵاتەكەی باسی لەوەشكردووە، “هێشتا ڕوون نیە تاڵیبان دەتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەر ڕووبەڕووی ڕێکخراوی داعش ببێتەوە یان نا”.
جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریكا جەختی لەوەشكردووەتەوە، هەڵسەنگاندنی ئەوان ئەوەیە تاڵیبان و ڕێکخراوی داعشی خۆراسانی دوژمنی سەرسەختیانن، بەڵام دڵنیانین لە سووربوونی تاڵیبان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوەكە.
ئاشكراشیكردووە، داعشی خۆراسانی لەو وڵاتە چەند هەزار چەکدارێکی هەیە.