وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێم، لەبارەی پسووڵەکەی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی لەسەر بانگهێشتکردنی فرۆشیارێک کە نرخی دابەزاندبوو ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “چەواشەکاری کراوە لە لێکدانەوەی ناوەڕۆکی نووسراوەکە”.
وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی هەرێم ڕایگەیاندووە، “بەپێی ڕێنماییەكان پێویستە هەر خاوەن کار و فرۆشیارێک، لەو كاتەی نرخەكانی كەمدەكاتەوە یان داشكاندن دەكات، پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی ناوچەكەی ئاگاداربكاتەوە، چونكە هەندێك جار فرۆشیاران وەك فێڵێك دابەزاندنی نرخەكان بەكاردەهێنن بۆ سەرنجڕاكێشانی هاوڵاتییان”.
لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتەكەدا سۆران عەبدولوەهاب بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، “لەگەڵ هەموو هەرزانكردنێکی نرخی كاڵا و شمەكین، بەڵام پێویستە بە مەرج بێت، وەك لەسەر تابلۆكانی هەر شوێنێك لە گەڕەك و مۆڵەكاندا بێت، لەو كاتەی داشكانەكان دەكات، ئایا ڕاستە یان وەهمیە؟، چونكە ئێمە دواتر سەردانی شوێنەكان دەكەین بۆ بەدواداچوون لەسەر بەرزكردنەوە یان دابەزاندنی نرخی شمەكەكان هەروەها لێكۆڵینەوە لە ڕاست و دروستیی نرخەكان دەکەین”.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دڵنیاییداوەتە هاوڵاتییان و دەڵێت، “بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە وەزارەتمان لە هەموو شارەكانی هەرێم لە پاڵ چاودێریی بازاڕ و نرخی شمەك، بۆ ڕێگریكردن لە بەرزبوونەوە هاوكات لەگەڵ هەموو جۆرە دابەزاندنێكی نرخداین و دەستخۆشی لە هەر خاوەن كار و فرۆشیارێك دەكەین كە نرخی كاڵا و شمەك لە بەرژەوەندیی گشتی كەمبكاتەوە”.