كۆبوونەوەی وەفدەكانی هەرێم و ناوەند بەردەوام دەبن

كۆبوونەوەكانی هەردوو وەفدی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند كە لە رۆژی هەینییەوە دەستیپێكردووە ئەمڕۆش درێژەی دەبێت.

نیوەڕۆی هەینیی رابردوو یەكەم كۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای هەردوو حكومەت و وەزیرانی دارایی هەرێم و ناوەند دەستیپێكرد.

بە درێژایی دوو رۆژی رابردووش كۆبوونەوەی وەفدەكان و وەفدی تەكنیكی هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و ناوەند بەردەوام بوون بۆ یەكلاكردنەوەی لیستی مووچە و بڕیاردان دەربارەی خەرجكردنی مووچەی مانگی كانونی دووەم (1)ی مووچەخۆرانی هەرێم.

بەپێی زانیارییەكان بۆ تاوتوێكردنی وردەكارییەكانی لیستی مووچە و یەكلاكردنەوە و گەیشتن بە بڕیاری خەرجكردنی مووچە، ئەمڕۆش كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن. بۆیە هێشتا روون نییە پرسە ناڕوون و جێناكۆكەكانی نێو لیستی مووچە لەنێوان وەفدی هەردوو حكومەت كەی یەكلادەبنەوە، كە دوای یەكلابوونەوەیان بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی رابردووی مووچەخۆران دەدرێت.

پێشتریش بڵاوكرایەوە كە لیستی مووچەی مانگی كانونی دووەم دەكرێتە بنەما بۆ مووچەی مانگەكانی دیكەی ئەمساڵ.

لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ لە سێیەم رۆژی مانگی شوباتداین، مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگەكانی كانونی یەكەم و كانونی دووەمیان وەرنەگرتووە و وەرگرتنیشیان نادیارە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share