لەسەر بانگهێشتی نوری مالكی، بڕیارە ئەمڕۆ سەركردەی ژمارەیەك لە هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق، جگە لە ڕەوتی سەدر، لە بەغداد كۆببنەوە.
كۆبوونەوەكە سەرانی “چوارچێوەی هەمانگیی هێزە سیاسییە شیعییەكان” دەگرێتەوە، كە پێشتر خودی نوری مالكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق دایمەزراندووە و خۆیشی سەرۆكایەتیی دەكات.
ئامانج لە كۆبوونەوەكە تاوتوێكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 10ی ئەم مانگەیە، كە تیایدا گروپەكانی هاوپەیمان و نزیك لە ئێران پاشەكشەی بەرچاویان كرد.
هەروەك دوای ئەو هەوڵە دێت كە درەنگانی دوێنێ لەلایەن خۆپیشاندەرانی لایەنگری ئەو هێزانەوە لە بەردەم ناوچەی سەوزی بەغداد، بۆ هەڵكوتانەسەر ناوچەكە ئەنجامدرا، لەكاتێكدا ماوەی چەندین ڕۆژە خۆپیشاندانیان لە دەروازەكانی دەستپێكردووە.
ئەو هێز و لایەنانە، كە لەنێویاندا باڵی سیاسیی گروپە چەكدارەكان و دیارترینیشیان (حزبوڵا) هەیە، داوای سەرلەنوێ جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردن لە سەرجەم شارەكان دەكەن، لەكاتێكدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن سەرگەرمی یەكلاكردنەوەی تانەكان و ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتاییە بەمەبەستی ڕەوانەكردنی بۆ ئەنجومەنی دادوەری بەمەبەستی پەسەندكردنی.
مالكی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، كۆبوونەوەكە بە ئامانجی “چارەسەری گرفتی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانە” و تیایدا تاوتوێی بیرۆكە و شێوازی چارەسەر و چۆنیەتیی كۆتاییپێهێنان و ڕێگرییە لە كاردانەوەكانی، لەگەڵ پێدانی ماف بە زەرەرمەندبووان بەپێی دەستوور و یاسا.
لە بەرامبەر ئەم هەنگاوانەدا، خۆپیشاندەران بەردەوامن لە ناڕەزایەتی و مانەوەیان لە بەردەم دەروازەكانی ناوچەی سەوز و تیایدا سەرەڕای داواكردنی ئەژماركردنەوەی دەنگەكان، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بە هەماهەنگیكردنی حكومەت و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن تۆمەتباردەكەن بە “دزینی” دەنگی لایەنە شیعییەكان.
ڕۆژی هەینی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەو هەڕەشانەی بەمدواییە دژ بە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان و كارمەندانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەئارادایە، داوایكرد ئەو لایەنانەی ناڕەزاییان بەرامبەر ئەنجامەكان هەیە “ڕێگای یاسایی بگرنەبەر”.
لای خۆیەوە موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە ڕاگەیەندراوێكدا داوای لە وڵاتانی دراوسێ كرد دەستوەردان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و پرۆسەكانی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی و گەورەترین و كوتلە و حكومەت نەكەن، لە ئاماژەیەكی ڕووندا بۆ جوڵەی ئێران بۆ پێكهێنانی كوتلەیەك بە بەشداری هەردوو هاوپەیمانی (دەوڵەتی یاسا) و (فەتح) بە سەرۆكایەتی نوری مالكی و هادی عامری، سەرەڕای لیستە بچووكەكانی دیكە، كە لە ئێستادا گەیشتوونەتە نزیكەی 90 كورسیی پەرلەمان.
سەدر دۆخی ئێستای بە “ململانێی دیموكراسیی عێراقییەكان” ناوبرد و داوای لە وڵاتانی دراوسێ كرد دەستوەردان نەدەن.
لای خۆیەوە محەمەد سەهیود، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشكرایكردووە، هیچ ڤیتۆیەكیان نییە لەسەر هاتنەناوەوەی كوتلەی سەدر بۆناو هاوپەیمانێتییەكەیان بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەت بەپێی بەدەستهاتووی هەڵبژاردن.
“گەورەترین كوتلە بەمنزیكانە ڕادەگەیەنرێت، كراوەشە بەڕووی ئەودوای كیانە سیاسییەكانی دیكە، بەڵام بنەڕەتەكەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەبێت”، سەهیود وایوت.