ئەردۆغان داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی كردووە، باڵیۆزانی ئەمریكا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بە “كەسانی ناپەسەندكراو” لە وڵاتەكە ڕابگەیەنن.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر باڵیۆزانی 10 وڵات لە توركیا، كە ئەمریكا، فەرەنسا و ئەڵمانیای تێدایە، داوای یەكلاكردنەوەیەكی دادپەروەرانە و خێرایان بۆ دۆسیەی عوسمان كاڤالا، بازرگان و چالاكوانی توركیا كرد، كە چەند ساڵێكە بەتۆمەتی تێوەگلان لە كودەتای سەربازی، زیندانیكراوە.
ئەو داواكارییە كاردانەوەی وەزارەتی دەرەوەی توركیای بەدوادا هات، باڵیۆزەكان بانگكرانە وەزارەتەكە و لەلایەن مەولود چاوشئۆغلو-وە نیگەرانیی توركیایان لە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیی وڵاتەكە پێگەیەندرا.
ئەمڕۆش لە نوێترین كاردانەوەدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند، “فەرمانم بە وەزیری دەرەوە كردووە بە زووترین كات مامەڵە لەگەڵ ڕاگەیەندراوەكەی ئەو باڵیۆزانە بكات و هەر 10 باڵیۆزەكە وەك “كەسانی ناپەسەندكراو” رابگەیەندرێن”، بێ ئەوەی ئەردۆغان هیچ كاتێكی دیاریكراو بۆ هەنگاوی لەوشێوەیە دیاریبكات.