كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ڕەتیكردەوە واز لە یاریكردن بهێنێت، جەختدەكاتەوە هێشتا خواستی بردنەوەی هەیە.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای فەرمیی یانەی مانچستەر یونایتد، كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پۆرتوگالی باسی لە چەند پرسێكی جیاواز كرد.
ڕۆناڵدۆ ئاماژەی بەوەدا، هێشتا هێز و ڕاكردن و لێدانی شوتی وەك ڕابردووە، بۆیە بیر لە وازهێنان ناكاتەوە.
وتیشی، پێموایە مانچستەر یونایتد خاوەنی كۆمەڵێك یاریزانی باشە و لەتوانایدا هەیە ناسناو بەدەستبهێنێت.
پوختەی قسەكانی ڕۆناڵدۆ
– ئێمە لە مانچستەر یونایتد ئاڵنگاریی گەورە لەبەردەمماندایە، من و ڤاران و سانچۆ-یان كڕیوە، پێویستمان بە كاتە تا لێكتێگەشتن دروستدەبێت، پێویستە وا بیربكەینەوە كە دەتوانین هەموو شتێك بكەین.
– من تەنها قسە لەسەر سەركەوتنەكانی خۆم ناكەم، گرنگی بە ناسناوی بەكۆمەڵ دەدەم، پێموایە لە تواناماندا هەیە ناسناو ببەینەوە.
– ڕۆڵی من تۆماركردنی گۆڵە، دواتر هاوكاریكردنی تیپەكەمە، ئەگەر هەموومان وا بیربكەینەوە كە كاری خۆمان هەیە، ئەنجامی باشمان دەبێت.
– هێشتا كاتی وازهێنانم نییە، خەڵكیش نایەوێت وازبهێنم
– كاتێك زانیم ناتوانم ڕابكەم، دەوەستم، كاتێك زانیم ناتوانم لێسەندن بكەم یان شوت لێبدەم یاخود هێزم نەماوە، ئەوكات وازدەهێنم، بەڵام هێشتا هەموو ئەو شتانەم هەیە، بۆیە هەمان خواستی پێشووم هەیە بۆ بردنەوە.
– لە چامپیۆنز لیگ زۆرترین گۆڵم هەیە، زۆرترین ئەسیست و زۆرترین بردنەوەشم هەیە، بەڵام دەمەوێت بەردەوام بم، خواستی بردنەوەم زۆرە و ڕازیم بە دڵخۆشكردنی خەڵك.