پەكەكە لەبارەی بەكارهێنانی كیمیایی لەلایەن توركیاوە داوای لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەكات

یەكێك لە بۆردومانەكانی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان

موراد قەرەیلان دەڵێت، تورکیا بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا گازی کیمیایی لەدژی گەریلا بەکاردەهێنێت، داواش لە دەزگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەكات لێکۆڵینەوە لەوبارەوە بکەن بۆ دڵنیابوونەوە.

موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) ڕایگەیاند، هیچ گومانی تێدا نییە دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان لە دژی گەریلا چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت، لەبارەی ئەمەشەوە هەپەگە چەندین جار ڕاگەیەندراوی بڵاوکردەوە، بەڵگە هەیە، دیمەن هەیە، لە دیمەنەکاندا دیارە، بەتایبەت هەندێک لەو دیمەنانە لەناو تونێلەکاندا تۆمارکراون، دیمەنی دەرەوەی تونێلەکانیش هەن، هەندێک ئامێریش هەن کە جەخت لە بەکارهێنانی گازی کیمیایی دەکەنەوە.

قەرەیلان لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی مەدیا نیوز باس لە یەكێك لەو نمونانە دەكات و وتی، “هێزەکانمان لە گردی سوور کشاونەتەوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هێشتا نەیتوانیوە بچێتە ئەو گردە، تەرمی هەڤاڵەکانمان هێشتا لەناو تونێلدان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن بچنە ئەو تونێلە و سەیربکەن بزانن ئایا چەکی کیمیایی بەکارهاتووە یان نا”.

دووپاتیشیكردەوە، “توركیا یاسای نێودەوڵەتیی شەڕ پێشێلدەکات و تاوان ئەنجامدەدات، پێویستە دامودەزگاکانی بەرپرس چاویان لە ئاست ئەم تاوانە دانەخەن و دەستوەردان بکەن، ئەگەر بێن لێکۆڵینەوە بکەن ئەوا شاهیدی دەدەن”.

قەرەیلان نیگەرانیی خۆیشی نیشاندا لەوەی هێزە بەرپرسیارە نێودەوڵەتییەکان بە بەرپرسیارێتییەوە لەوبابەتە ناڕوانن، تەنها “لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورک ئەندامی ناتۆیە، پێشتریش وتیان ڕژێمی سوریا لەبەرامبەر هێزە چەکدارەکانی چەکی کیمیایی بەکارهێناوە هەموو جیهان هەڵسایە سەرپێ، فەرمانیان بە سوریا کرد، دەستوەردانیان کرد و هێرشیان کرد”.

فەرماندەی نەپەگە داواشی لە هێزە کوردییەکان کرد بۆ پێکهێنانی یەکێتییەکی نەتەوەیی و سیاسەتێکی هاوبەش هەنگاو بنێن و وتی، “هەر هێزێک خۆی بسپێرێت بە هێزی جەوهەری خۆی، مسۆگەر سەردەکەوێت”.

بابەتی پێشتر

چۆن نەوەی ئەژدیهاکان دەستدەگرن بەسەر جیهاندا؟

بابەتی دواتر

لەبارەی كۆرۆناوە پەرلەمانی كوردستان داوایەك ئاراستەی هاوڵاتییان دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share