هێزە ئەمنییەكانی عێراق، لەژێر داروپەردووی باڵەخانەی بانكی ناوەندیی موسڵدا بڕێكی زۆری پارەیان دۆزییەوە.
ئەو پارانە لە چەند توورەكەیەكی گەورەدا بوون و دوای داڕووخانی باڵەخانەی بانكەكە بەهۆی بۆردومانی هێزەكانی هاوپەیمانان لە شەڕی دژ بە داعشدا، كەوتوونەتەژێر پاشماوە و داروپەردووی باڵەخانەكەوە.
هێزە ئەمنییەكان كە سەرپەرشتی هەڵگرتنەوەی پاشماوەكانی بۆردومانەكە دەكەن دەڵێن، “پێدەچێت چەندین توورەكەی تری پڕ لە پارە لەژێر پاشماوەكانی باڵەخانەكاندا هەبن”.
لە شەڕی دژ بە داعشدا زۆربەی باڵەخانە و بارەگاكانی شاری موسڵ بە تەقینەوە و بۆردومان خاپووركران، یەكێك لەو باڵەخانانە بانكی ناوەندیی موسڵ بوو كە بەچڕی لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانەوە بۆردومانكرا و خاپووركرا.