ئەو گەریلایانەی لە ناوچەی خەلیفان شەهیدكران، لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزەكانی زێرەڤانی فەرمانی شەهیدكردنیان دراوە و كارەكەش لەلایەن چەكدارانی ڕۆژەوە جێبەجێكراوە، وەك ئەوەی میدیایەكی نزیك لە پەكەكە ئاماژەی پێداوە.
ڕۆژی 3ی ئەم مانگە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ڕایگەیاند، تیمێکی حەوت کەسیی گەریلاکانیان لە شەوی 28ی ئاب لە ناوچەی خەلیفان کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی پارتییەوە و لەئەنجامدا پێنج گەریلایان شەهیدبوون.
ئاژانسی هەواڵی هاوار نیوز لەسەر زاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردەوە، عەزیز وەیسی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی زێرەڤانی و فەرماندەیەکی دیکەی پێشمەرگەی پارتی بەناوی دلۆڤان ڕووباری، فەرمانی هێرشکردنەسەر ئەو گەریلایانەیان دەرکردووە.
ئاشکراشیکرد، چەکدارانی ڕۆژ و هێزەکانی دیکەی پارتی فەرمانەکەیان جێبەجێکردووە و لەنزیک ئاوی زاپ بۆسەیان بۆ تیمە گەریلاکە داناوە و هێرشیان كردونەتەسەر.
هەروەك ناوی ژمارەیەكیش لەو چەكدارانەی بڵاوكردووەتەوە كە بەپێی هەواڵەكەی ئەوان هێرشەكەیان ئەنجامداوە.