ڕەوتی سەدر براوەی یەكەمە
ئەنجامی بەرایی كورسیی لایەنە سیاسییە عێراقییەكان

بەپێی ئەنجامە بەراییە نافەرمییەكان ڕەوتی سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە و كۆمسیۆنیش دەڵێت، ئەنجامەكان لەڕێی سایتی ئەلیكترۆنییەوە بڵاودەكرێتەوە.

جەلیل عەدنان، سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كۆمسیۆن ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی دیالە، دیوانیە، موسەنا، میسان، واست، دهۆك، سەلاحەدین، كەربەلا، نەجەف و هەولێری خستووەتەڕوو.

وتیشی، “ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان لەڕێی شاشەكان و لە سایتی ئەلیكترۆنی كۆمسیۆن دەبێت”.

ئەنجامەكان بەرایین و پشت بەو ئامار و دەنگانە دەبەستێت كە لەڕێی ئینتەرنێت و فلاش میمۆرییەوە گەیەندراونەتە كۆمسیۆن، وەك ئەوەی جەلیل عەدنان ئاماژەی پێدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو سندوقانەی هەندێك كێشەیان تیاڕوویداوە، سبەی بەیانی دەگەیەندرێنە نوسینگەی نیشتمانیی كۆمسیۆن.

سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران ئەوەشی ڕوونكردەوە، ڕێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكەدا 41% بووە و ژمارەی دەنگدەران لە كۆی 25 ملیۆن كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە تەنها 10 ملیۆن بووە.

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكان و وتەی بەرپرسانی حكومی و وتەبێژ بەناوی ڕەوتی سەدر، ڕەوتەكە زیاتر لە 75 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتووی بەدەستهێناوە و ڕیزبەندی یەكەمی گرتووە.

هەروەك بەپێی ئامارە سەرەتاییەكانی كۆمسیۆن و میدیا عێراقییەكان كورسی هێز و لایەنەكان بەمجۆرە دەبێت:

– رەوتی سەدر: زیاتر لە 75 كورسی
– هاوپەیمانی (تەقەدوم)ی محەمەد حەلبوسی: 33 بۆ 35 كورسی
– هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا: 21 بۆ 24 كورسی
– هاوپەیمانی (فەتح)ی هادی عامری: 20 بۆ 21 كورسی
– هاوپەیمانی (عەزم)ی خەمیس خەنجەر: 18 بۆ 20 كورسی
– هاوپەیمانی حەكیم‌ و عەبادی: 11 بۆ 14 كورسی
– (بزوتنەوەی ئیمتیداد) لیستی خۆپیشاندەرانی تشرین: 10 كورسی

ئێوارەی دوێنێ سندوقەكانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی گشتیی پێشخراوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داخران، ئەمڕۆش لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە ئەنجامە بەراییەكانی ژمارەیەك پارێزگا بڵاوكرانەوە.

لەم هەڵبژاردنەدا لە 83 بازنەی هەڵبژاردنەوە نوێنەران بۆ 329 كورسییەكەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردران.

بابەتی پێشتر

ئەگەر هەیە لە میرکاتۆی 2022 چوار یاریزانی ڕیاڵ ماڵئاوایی بکەن

بابەتی دواتر

وەزارەتی کارەبا: کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی کەمدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share