تورکیا دەستگیرکردنی ڕێبەری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی ئەهواز دەخاتە ئەستۆی کوردێک

ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە ڕێبەری “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتمانیی ئەهواز” لە تورکیاوە دیپۆرتی ئێران کراوەتەوە و تورکیاش دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی ئەو سەرکردە ئۆپۆزسیۆنە دەخاتە ئەستۆی کوردێکی خەڵکی ورمێ.

دوێنێ كەناڵی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران دانپێدانانێکی دیکەی “حەبیب ئەسیود”، ڕێبەری پێشووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتمانیی ئەهوازی پەخشکرد و بەشێک لە ڕخنەگرانی سیاسەتەکانی ئێران دەڵێن، “دانپێدانانەکە زۆرەملێ بووە”.

پێشتر کەناڵی تەرەتەی تورکی بڵاویكردبووەوە، هێزەكانی توركیا باندێکی قاچاخچێتییان دەستگیرکردووە  کە لە 11 کەس پێكهاتووە و کەسێک بەناوی “ناسڕ شەریفی زیندەشتی” سەرپەرشتیکردوون و ئەو گروپە لەدوایین کاریدا “حەبیب ئەسیود”ی ڕفاندووە بۆ ئێران.

ئەگەرچی پێشتر تورکیا بەوە تۆمەتباردەکرا، کە ئەو سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەی ئێرانی ڕادەستکردووە، بەڵام حکومەتی تورکیا لەڕێگەی ئەو هەواڵەوە خۆی لە بابەتەکە بەدوورگرت.

لە دانپێدانانەکەی دوێنێدا ڕێبەری “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتمانیی ئەهواز” ڕایگەیاند، “بەهاوکاریی ئیسرائیل و سعودیە چەندین هێرشی لە ئێران ئەنجامداوە و هێرشکردنەسەر نمایشە سەربازییەکەی ئەهوازیش هەر بەهاوکاریی ئیسرائیل و سعودیە کراوە”.

سێ ساڵ پێش ئێستا لە ساڵیادی دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئێران و عێراق نمایشێکی سەربازی لە شاری ئەهواز بەڕێوەچوو، ئەو ڕێوڕەسمە کرایە ئامانجی هێرشێکی چەکداری و لە ئەنجامدا 24 کەس کوژران و 60 کەسی دیکەش برینداربوون، لەو ڕووداودا چوار لە ئەنجامدەرانی هێرشەکەش کوژران.

“حەبیب ئەسیود”، ڕێبەری پێشووی “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتمانیی ئەهواز” ساڵێک پێش ئێستا لە تورکیا دەستگیرکرا و پاشان ڕادەستی ئێران کرایەوە، دوای دەستگیرکردنەکەشی کۆمەڵێک ڤیدیۆ بڵاوکرانەوە کە نیشانیدەدەن ئەندامێکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا “میت” لە فڕۆکەخانە دەستگیریدەکات.

بابەتی پێشتر

لە عەفرین تەقینەوەیەك ڕوویدا و كوژراو و بریندار هەن

بابەتی دواتر

یەکێتی لە هەولێر: ئامێرەکانی دەنگدان دەستکاریکراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
6
Share