كەركوك.. ‘داعش گۆڕانکاری دەکات و چەند بەرپرسێکی نوێ دەنێرێتە پارێزگاكە‘

عەمید سەرحەد قادر و چەند ئەفسەر و كارمەندێكی پۆلیس فۆتۆ: google

عەمید- سەرحەد قادر دەڵێت، “چەکدارانی داعش چەند بەرپرسێکی نوێیان ناردووەتە سنووری کەرکوک و گۆڕانکارییان لە دابەشكردنی ناوچەكاندا كردووە.”

لە لێدوانێكدا بۆ “تۆڕی میدیای ئێستا”، عەمید- سەرحەد قادر ئەمشەو 25ی تشرینی یەكەم ئاشكرایكرد، “کاری نوێی داعشەكان دانانی بۆمب و بازگەی ساختە و پەلاماردانی هێزە ئەمنییەکانە، هەروەها ڕفاندنی هاوڵاتییان و هەڕەشەكردنە لە هاوڵاتییان و ئەو کەسانەی لەگەڵ هێزه ئەمنییەکان کاردەکەن یاخود کارمەندی هێزە عێراقییەکانن.”
پێشتر عەمید- سەرحەد قادر لە ڕاگەیاندراوێكدا ناوی نۆ كەسی بڵاوكردبووەوە كە داعش كردوونی بە كاربەدەست لە سنووری كەركوك، لە لێدوانەكەیدا بۆ “ئێستا” عەمید- سەرحەد قادر ئەو زانیارییانەی پشتڕاستكردەوە و ڕایگەیاند، “داعش گۆڕانکاریی كردووە لە كەرتی عەباسی تا دەگاتە لای ڕووباری دجلە، كەرتی زاب تا دەگاتە لای گوندی سارتک حەلوات، كەرتی مولتەقا تا دەگاتە لای گوندەکانی مەنسوڕیيه، كەرتی ماحوز تا دەگاتە لای گوندەکانی مەدینە و حەویجە، كەرتی ڕیاز تا دەگاتە لای پرۆژەی ئاوی دۆڵی نەفت، كەرتی ڕەشاد تا دەگاتە جەوالە و دۆڵی زغێتون، كەرتی دوبز تا دەگاتە گوندەکانی ئەلبوحەمدان ئەلدەنادش، كەرتی حەمرین و گوندەکانی گەرحه قازان و كەرتی داقوق دۆڵی زەرگە و غێدە.”
عەمید- سەرحەد قادر ناوی كاربەدەستە نوێیەكانی داعشی ئاشكراكرد و وتی، “ئەو كەسانەی داعش لە سنووری كەركوك وەك بەرپرسی نوێ دەستنیشانیكردوون، ئەمانەن: وەلید عەبدوڵا عومەر ناسراو بە ئەبو سەعد، عەبدلمەجید حەمید عوبێدی، محەمەد ئەحمەد عزی، فەتاح عەبدلڕەحمان شاهری، وەعدوڵا ئەحمەد حەسەن، عەبدلڕەحمان حسێن عومەر كومی، محەمەد حەسەن حەمدانی، سەمیر عەلی سوڵتان ناسراو بە ئەبو عەلی، ئەحمەد مەحمود ناسراو بە ئەبو خەدیجە.”
بابەتی پێشتر

حكومەتی عێراق: زانیاریمان دەستكەوتووە سەبارەت بە بكوژانی هاشمی

بابەتی دواتر

باڵیۆزی فەڕەنسا لە تورکیا بانگھێشتی وڵاتەکەی کرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share