كەجەكە وەڵامی ڕاگەیەنراوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەداتەوە

کۆما جڤاکێن کوردستان وەڵامی ڕاگەیەنراوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەداتەوە و دەڵێت، “پارتی دەستی بە شاڵاوێكی بەرفراوانی چەواشەكاری كردووە”.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەكەم لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت، “پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی بە شاڵاوێکی بەرفراوانی چەواشەکاری کردووە. پەدەکە بۆ شاردنەوەی هەموو تاوانە نەتەوەیی و سیاسیەکانی لە بەرامبەر گەلی کوردستان، دەست بۆ هەموو ئاژاوەگێری و چەواشەکارییەک دەبات”.

دەشڵێت، “ئەم هەواڵەی کۆتاییش کە گوایا گروپێکی سەر بە تەڤگەرەکەمانیان دەستگیركردوە، هیچ بنەمایەکی نییە، بە تەواوی دوورە لە ڕاستیەوە. ئەم هەواڵە چەواشەکارییانە بە هاوکار و هاوئاهەنگی دەزگای سیخوڕی میت دروست کراوە و ئامانجەکەی ئەوەیە کە زەمینە ئامادەبکات بۆ ڕەوایەتیدان بە هێرش بۆ سەر تەڤگەرەکەمان”.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند هێرشێکییان پوچەڵکردووەتەوە کە کونسوڵگەری و دیپلۆماتکارانیان لە هەرێمی کوردستان کردبووە ئامانج و چەند کەسێکیش بەوهۆیەوە دەستگیرکراون.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

بۆ رای گشتی:

پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەستی بە شاڵاوێکی بەرفراوانی چەواشەکاری کردووە. پەدەکە بۆ شاردنەوەی هەموو تاوانە نەتەوەیی و سیاسیەکانی لە بەرامبەر گەلی کوردستان، دەست بۆ هەموو ئاژاوەگێری و چەواشەکارییەک دەبات. هەر لە تۆمەت هەڵبەستن لە رووداوی کوشتنی بەرپرسی خاڵی سنووری سەرزێڕی (کە لە لایەن هەپەگەوە بە درۆخرایەوە) بگرە تا هەواڵ و راپۆرتی بێ بنەما سەبارەت بە تەڤگەرەکەمان، هەوڵ دەدات کە بۆ پلانی چەپەڵی داهاتوو زەمینە ئامادە بکات.

ئەم هەواڵەی کوتاییش کە گوایا گروپێکی سەر بە تەڤگەرەکەمانیان دەستگیركردوە، هیچ بنەمایەکی نییە، بە تەواوی دوورە لە راستیەوە. ئەم هەواڵە چەواشەکارییانە بە هاوکار و هاوئاهەنگی دەزگای سیخوڕی میت دروست کراوە و ئامانجەکەی ئەوەیە کە زەمینە ئامادە بکات بۆ رەوایەتی دان بە هێرش بۆ سەر تەڤگەرەکەمان. رای گشتی گەلی کوردستان ئەوە باش دەزانێت کە لە کاتی تەنگانەدا و لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر هەبوونی گەلی کورد لە باشوور، کێ باشووری پاراست و کێ سەنگەر و گەلی بەجێهێشت و هەڵات. ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کوردستان پاراستنی هەبوون، ئازادی، ئارامی و ئاسایشی گەلی کوردستان لە بەرامبەر هێرشی داگیرکەران و بەکرێگیراوانیدا بە ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقی خۆمان دەزانین. سەدان هەڤاڵی گەریلا بۆ پاراستنی گەلی باشوور لە شەنگالەوە بگرە تا هەولێر، گیانی خۆیان فیدا کرد و فەرماندەی وەکو زەکی شەنگالی و عەگید جڤیان و تێکۆشەر گەڤەر لەم رێگایەدا شەهید بوون.

گەریلا لە مسۆگەرکردنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا رۆڵی پێشەنگی گێڕاوە و هیچ کات بە دەستی خۆی ئەم ئەمن و ئاسایشە ناخاتە بەر مەترسییەوە کە بە سەدان شەهید لە پێناویدا گیانیان بەخت کردووە. لێرەدا پێویستە ئەوە بزانرێت ئەو هێزانەی کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە، پارتی دیمۆکراتی کوردستان و دەوڵەتی تورکیان. لە ئەنجامی پلانی هاوبەشی داگیرکاری ئەم دوو هێزەدایە کە رۆژانە دەنگی تەقینەوەی بۆمب و تۆپ و رۆکەتی تورکیا لە چیا و دۆڵەکانی کوردستان کەم نابێتەوە. هەروەها، هاوشێوەی دەسەڵاتی ئەردۆغان، پارتی دیمۆکراتی کوردستان شاڵاوی گرتن، رفاندن، زیندانیکردن، تۆقاندن و فشاری هەمەلایەنی لە دژی رۆژنامەنووسان، مامۆستایان، چالاکوان و کەسایەتی ئۆپۆزیسیۆن بەڕێوەدەبات و ئەمن و ئاسایشی هاوڵاتیان تێک دەدات.

لێرەدا بانگ لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و رای گشتی گەلی کوردستان دەکەین کە بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم شاڵاوە گێرەشێوێنییەی شەڕی تایبەتی پەدەکە و میتی تورکیادا بکەن و بە هەڵوێستی بونیادنەر و نشتیمانپەروەرانە ئەم پلانگێرییە نوێیە لەسەر گەلەکەمان پووچەڵ بکەنەوە.

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە
26ی تشرینی یەکەمی 2020

بابەتی پێشتر

بەغداد.. لە بەردەم باڵیۆزخانەی فەڕەنسا خۆپیشاندان بەڕێوەچوو

بابەتی دواتر

بەغداد جارێكی دیكە پێكدادانی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەرانی بەخۆیەوە بینی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم: چاوەڕوان دەکرێت لە دانیشتنی داهاتوو دادگای فیدڕاڵی لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمەوە بڕیاربدات

وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دواکەوتنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر پرسی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کاریگەری خراپی لەسەر کارەکانی…
زیاتر ببینە

مەترسی “داڕمانی ئابوری”ی هەرێم لەئارادایە؟ پەیمانگای واشنتن: باشترە هەرێم لەبواری وزەدا هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد بكات

بۆ دووركەوتنەوە لە هەرەسهێنانی ئابوریی هەرێمی كوردستان و چارەسەری ناكۆكییە ‏ناوخۆییەكان لە عێراق دەربارەی وزە، پەیمانگای واشنتن چەند…
Total
0
Share