عێراق داوایەکی میسری لەبارەی ئیخوان موسلمینەوە ڕەتکردەوە

لۆگۆی ئیخوان موسلمین

وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، عێراق ناتوانێت ئیخوان موسلمین وەک گروپێکی تیرۆرستی بناسێنێت، چونکە دەیان سیاسی کاریگەری بونیادنانی عێراقی نوێ ئیخوان موسلمین بوون.

ئەحمەد مەلا تەڵال، وتەبێژی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ 25ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، “عێراق ناتوانێت وەک وڵاتێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ ئیخوان موسلمیندا بکات، چونکە مێژووی حزبە ئیسلامییەکان کە سەربە ئیخوان موسلمینن لە عێراقدا لە بیرنەکراوە و چوار سەرۆکی پەرلەمانی وڵات ئیخوانی بوون”.

وتەبێژەکەی کازمی بۆچونی دەوڵەتی عێراقی سەبارەت بە پرسی بە تیرۆر ناساندنی هەرگروپ و حزبێک ئاشکراکردووە و دەڵێت، “کاتێک پرسی بە تیرۆرست ناساندنی گروپێک یان لایەنێک دەکرێتەوە کە هێرشی کردبێتە سەر خەڵكی عێراق و چەکی دژی دەوڵەت هەڵبگرتبێت”.

وتەکانی ئەحمەد مەلا تەڵال لە کاتێکدایە کە پێشتر میدیاکانی عێراق نوسراوێکیان بڵاوکردبوویەوە کە نیشانی دەدات ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق داوایەکی وڵاتی میسری ڕەتکردوەتەوە سەبارەت بە تیرۆرست ناساندنی ئیخوان موسلمین.

ئیخوان موسلمین یان کۆمەڵەی برایانی موسوڵمان پارتێکی سیاسی ئیسلامی سونیە بنکەی لەزۆربەی ووڵاتێکی عەرەبی و جیھانیەکان ھەیە ، پارتەکە لە ساڵی 1928لەلایەن حەسەن بەنا لە میسر دامەزراوە.

پارتەکە لە میسر تووشی جەنگ و ناکۆکی زۆر بوویەوە لەسەر دەستی سەرۆکەکانی میسرەوە بەتایبەتی جەمال عەبدولناسڕ و ئەنوەرسادات و حوسنی موبارەک کە ڕێگریان لێ دەکرا لە کارە سیاسیەکانیان.

لە زۆرینەی وڵاتان لەژێر ناوی حزبی دیکەدا کە بنەماکەی ئیخوانییە کاری سیاسی دەکەن و لە ئێستادا حزبی داد و گەشەپێدانی تورکی نزیکترین و گەورەترین هێزی سیاسی ئیخوانییە کە دەسەڵاتی وڵاتێکی بە دەستەوەبێت.

لەگەڵ ئەوەش لە عێراق دوو حزبی ئیسلامی سونی هەن کە بنەماکەیان ئیخوان موسلمینە و لەدوای 2003 وە بەشداریان لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا هەیە.

بابەتی پێشتر

خۆپیشاندانەكانی بەغداد.. برینداربوونی 32 كارمەندی ئەمنی ڕاگەیەنرا

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی پێشوازیکرد لە گەورە ئابوریناسی جیهانیی تۆماش سێدلاچێک

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share