نەهاتنی بەنزینەكەی بەغداد نرخی لە هەرێم بەرزكردەوە

بەهۆی نەهاتنی ئەو بەنزینەی كەمتر لە مانگێك بوو ڕەوانەی شارەكانی هەرێم دەكرا، نرخی جۆرە جیاوازەكانی بەنزین بەرزبووەوە و وتەبێژی بەنزیخانەكانیش دەڵێت، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ دووبارە دەستكردن بە هاوردەكردنی.

لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ 50 دینار زیادیکردووە و بەنزینی موحەسەنیش 25 دینار گرانتربووە، هۆكاری گرانبوونی ئەمجارەی بەنزین، بۆ ڕاگیرانی ئەو بەنزینە دەگەڕێندرێتەوە كە لەماوەی كەمتر لە مانگی ڕابردوودا بە بڕی یەك ملیۆن لیتری ڕۆژانە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە نرخی بازرگانی ڕەوانەی شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكرا.

بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزیخانەكانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ناردنی بەنزینەكە بۆ سلێمانی نزیكەی 15 ڕۆژ بەردەوامبوو، لە هەولێر و دهۆك زیاتربوو، ماوەی 22 ڕۆژ تا نزیكەی مانگێكی خایاند.

دەربارەی هۆكاری ڕاگرتنەكەی ئێستای وتی، “بەپێی زانیارییەكان حكومەتی ناوەند خۆیان كێشەی سوتەمەنییان هەیە، بەتایبەت لە سنووری موسڵ”. ئیدارەی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی بەرهەمە نەوتییەكان هەمووان لەهەوڵدان بۆ ئەوەی ناردنی بەنزینەكە بخەنەوەسەر ڕێچكەی خۆی و ئەنجامێكی باش لەو ڕووەوە دەستبكەوێت، بەهمەن شێخ قادر وای وت.

ئاماژەی بەوەشكرد، گرفتەكە لەڕووی ئیداری و ژمێریارییەوە هیچ كێشەیەكی نییە و لەلایەن بەنزینخانەكانەوە پارەی پێویست خراوەتەسەر باڵانسی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و دواتریش وەزارەتی نەوتی عێراق.

دووپاتیشیكردەوە، “ڕێكارە یاساییەكان تەواوبوون و تەنها ئەو كێشەیە دروستبووە و هیوادارین چارەسەربێت”.

بەوتەی ئەو جگە لە نەناردنی ئەو بەنزینە، بۆرسەی جیهانی هۆكارێكی دیكەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینە لە هەرێم.

لە ساڵی 2014ەوە تاوەكو ئێستا نرخی بەنزین بە ناجێگیری ماوەتەوە، هەرێمی كوردستان كە ڕۆژانە پێویستی بە نزیكەی شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، 90%ی پێویستییەكانی بە بەنزین لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە لەڕێگەی دابینكردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەكان، سوود لە پاڵاوگەكانی ناوخۆ وەربگرێت.

بابەتی پێشتر

ڕاوێژكاری سەربازیی خامنەیی: ڕووبەڕووی "گروپە تیرۆرستەكان" دەبینەوە

بابەتی دواتر

دوازدە وڵات: هەڵبژاردن چانسێكە بۆ عێراقییەكان لەپێناو دیاریكردنی داهاتوویان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەو خوێندکارانەی فۆرمی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوەکانی وەرگرتن لە کۆلیژەکانی بەھرەداران کردووە ئاگاداردەکرێنەوە

وەزارەتی پەروەردە ئەو خوێندکارانەی فۆرمی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوەکانی وەرگرتن لە کۆلیژەکانی بەھرەداران کردووە لەبارەی کات و شوێنی تاقیکردنەوەکان…
زیاتر ببینە

گەسی شکار داخرا

بەهۆی پابەندنەبون بەمەرج و ڕێنماییەکانی کارکردن، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی گەسی شکار دادەخات. لە ڕاگەیەندراوێكدا قائیمقامییەتی سلێمانی ئاماژەی…
Total
0
Share