بەوێنە.. بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە دەیان هەزار ماسی لە كەربەلا مرداربوونەوە

بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەكانی ئاوی پارێزگاكەوە، دەیان هەزار ماسی لە كەربەلا مرداربوونەوە.

ڕووداوەكە لە هەردوو ڕووباری هندییە و ڕوشدییە لەناو شاری كەربەلا و دەریاچەی ڕەزازە لە خۆرئاوای پارێزگای كەربەلا ڕوویداوە، لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕووداوەكە بە “كارەساتی ژینگەیی” ناوزەددەكەن و هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ پیسبوونی ئاو بە خاشاك و ئاوی پیسی زێرابەكان.

چالاكوانان و بەشێك لە دانیشتووانی كەربەلا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا باس لەوە دەكەن كە بەهۆی چوونی ملیۆنان زیارەتكار بۆ كەربەلا بەمەبەستی بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمە ئایینییەكاندا، ڕێژەی خاشاك و پاشماوەی خۆراك و كەرەستەی بەكارهاتوو بەرزبووەتەوە و ژمارەیەكی زۆر لە دەبەی ئاو و كاغەز و نایلۆن فڕێدەدرێنە ڕووبارەكانەوە.

عێراق خاوەنی سامانێكی دەوڵەمەندی ماسییە كە زیاتر لە 10 جۆر ماسی لەخۆدەگرێت، بەڵام ساڵانە بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە، ژمارەیەكی زۆری ماسی لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات و زۆنگاوەكانی باشوور و ڕووبارە بچووكەكاندا مرداردەبنەوە و دووبارەبوونەوەی ئەو ڕووداوانەش، بووەتەهۆی لەناوچوونی هەندێك جۆری ماسی.

بابەتی پێشتر

دوو یارییە چێڵسی یەك شووتی لێداوە

بابەتی دواتر

پلەكانی گەرما زیاتر دادەبەزن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share