حكومەت ئەمساڵیش ناتوانێت دایانبمەزرێنێت
مامۆستایانی وانەبێژ سەرەتای مانگی داهاتوو بایكۆت دەكەن

نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تاوەكو 5/10 مۆڵەت دەدەن بە حكومەت كە بكرێنە مامۆستای گرێبەست، بەپێچەوانەوە بایكۆتی پرۆسەی خوێندن دەكەن.

كاروخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “پێشتر وەزیری پەروەردە یاداشتێكی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كرد بەمەبەستی گرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژ، لە شوێنی ئەو كەسانەی كە خانەنشیندەبن، یان مۆڵەتی بێمووچە دەكەن، ئەنجومەنی وەزیرانیش ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر یاداشتەكە، بەڵام هێشتا وەزارەتی دارایی بڕیارەكەی نەخستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، چاوەڕێی جێبەجێكردنی بڕیارەكەن بۆ باشتركردنی دۆخی ژیانی مامۆستایانی وانەبێژ، كە ژمارەیان زیاتر لە 21 هەزار مامۆستای وانەبێژە و دەڵێت، “لەماوەی دوو ساڵی ڕابردووشدا بەهۆی كۆرۆناوە كە خوێندكاران بەپێی توانست زانست فێرنەبوون، مامۆستایانی وانەبێژ نەیانویستووە بایكۆتبكەن”.

نوێنەرەكەی مامۆستایانی وانەبێژ جەختی لەوەشكردەوە، “تا 5/10 كۆتا مۆڵەتە و حكومەت هیچ هەنگاوێك نەنێت، لە هەموو پەروەردەكانی هەرێمی كوردستان پێش هەڵبژاردن بایكۆتی پرۆسەی خوێندن دەكەین و دوای هەڵبژاردنەكانیش بەردەوام دەبین، تاوەكو حكومەت بەشێوەیەكی كرداریی دێتەسەرخەت چ بەگرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژبێت یان باشتركردنی دۆخی ژیانیان”.

“زۆربەی مامۆستایان وانەبێژن، ئەگەر ئێستا بایكۆت بكەین پرۆسەی خوێندن ڕادەگیرێت”.

دەربارەی ئەوەی كە بۆچی تائێستا نەكراون بە مامۆستای گرێبەست كاروخ عەبدوڵڵا دەڵێت، “لەساڵانی ڕابردوودا حكومەت بیانوی هەبوو بۆ گرێبەستنەكردنی مامۆستایانی وانەبێژ، هەندێك جار لە جێگەی خۆی بوو، بەڵام لە ئێستادا كە چاكسازی كراوە و مووچەی پلەباڵاكان كەمكراوەتەوە، هەروەها دۆخی ئابوریی باشتربووە بیانوو نەماوە، بۆیە پێمان ڕاگەیاندوون كە ئەگەر ناتوانن دامانبمەزرێنن بەشێوەیەكی هەمیشەیی، ئەوا دەتوانن ئەمساڵ نیوەی مامۆستایانی وانەبێژ بكەن بە گرێبەست و لە ساڵانی داهاتووشدا نیوەكەی دیكە”.

دەشڵێت، “ئەو مامۆستایانە هیچ مافێكیان نییە نە مۆڵەت، یان گواستنەوە لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە یان مۆڵەتی دایكایەتی”.

پێشتر، عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاندبوو، لەلایەن حكومەتەوە بە نووسراوی فەرمی وەڵامدراوەتەوە كە بەهۆی دۆخی داراییەوە ناتوانێت مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەست دابمەزرێنێت.

بابەتی پێشتر

کۆمسیۆنی ئەوروپا: لەمەودوا دەبێت هەموو مۆبایلەکان بەیەک جۆر وایەر بارگاویبکرێنەوە

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی: ئەرکی یەکێتییەکانە سووربن لەسەر خزمەتکردنی کەرکوک

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

خەڵاتەكانی كامەران دابەشدەكرێن

ئاژانسی مێترۆگرافی، خەڵاتی كامەران نەجم دابەشدەكات و دوو كەس خەڵاتدەكرێن. لە ساڵیادی بێسەروشوێنبوونی فۆتۆگرافەر كامەران نەجم-دا، ئاژانسی مێترۆگرافی…
Total
0
Share