ڕێواز فایەق بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی حساب بۆ یەكێتی نەكات حسابی بۆ ناكەین

ڕێواز فایەق لە كاتی وەڵامدانەوەی نێچیرڤان بارزانی

ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی وتارێكی نێچیرڤان بارزانی دەداتەوە، كە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەیدا ڕایگەیاندبوو، “پارتی تاكە هێزی حساببۆكراوی عێراق و ناوچەكەیە”، ڕێواز فایەق لە وەڵامدا دەڵێت، سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد قوباد تاڵەبانی بوو، كە توانی لەگەڵ بەغداد لەسەر 200 ملیارەكە ڕێكبكەوێت.

ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە هەولێر لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی قسەكانی نێچیرڤان بارزانی-ی دایەوە لەبارەی “تەنها حسابكردن بۆ پارتی”، ڕایگەیاند، “دڵنیام سەرۆكی هەرێم خۆشی باوەڕی بەو قسەیە نییە، چونكە دەیناسم، بەڵام ئەوە بووەتە بەشێك لەو فەرهەنگی سڕینەوەیەی كە پارتی لەسەر هەموو ئاستەكان مومارەسەی دەكات، بە بچووكتر بینینی حزبەكانی ترە لە هەرێمی كوردستان”.

ڕێواز فایەق نەیشاردەوە كە پێشبینیكردووە بەدیاریكراوی سەرۆكی هەرێمی كوردستان خۆی ببوێرێت لەو جۆرە گوتارانە، بەڵام كاتێك بەو شێوەیە قسەدەكات، “ئەركی یەكێتییانەی خۆمە وەكو سەرۆكی یەكێك لە دامەزراوەكان وەڵامی بدەمەوە”.

لە وەڵامەكەیدا ڕێواز فایەق بە نێچیرڤان بارزانی وت، “بەپێی عورفی سیاسی، دەبێت سەرۆكی هەرێم كۆكەرەوەی هەموو هێزە سیاسییەكان بێت، پارێزەری یەكڕیزیی گەلی كوردستان و هێزە سیاسییەكان بێت، بەڵام سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو قسەیە هەموو ئەو بنەمایانەی تێكشكاند و وێرانیكرد كە لای خەڵكی هەرێمی كوردستان گەڵاڵە ببوون بەوەی ئێمە دەتوانین بە یەكڕیزی بچینە بەغداد”.

بە بیری سەرۆكی هەرێمیشی هێنایەوە، كە یەكێتی حزبێكی قبوڵكراوی متمانەپێكراوە لەسەر ئاستی عێراق، پرسی دانوستاندن لەگەڵ بەغداد و لایەنە سیاسییە عێراقییەكان و حكومەتی عێراقی بە بەڵگە هێنایەوە، كە قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتیی شاندەكەی دەكرد و سێ وەزیری یەكێتی و گۆڕانیشی لەگەڵدا بووە و توانییان ڕێككەوتن بكەن بۆ ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە، ڕاشكاوانە ڕایگەیاند، “ئەگەر ئەوان جێی متمانە و حساببۆكراو نەبوونایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو 200 ملیار دینارەی بۆ نەدەهات كە دەتوانێت مووچەی پێدابینبكات”.

ڕێواز فایەق بە بیری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەوانەشی هێنایەوە كە كەلتووری سڕینەوەیان كردووە بە بەشێك لە گوتاری سیاسی، كە “لە شەڕی داعشدا ئەگەر هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نەبوونایە، هەولێری قەڵا و منارە لەبەردەم مەترسیدا بوو، لەم مەكتەبی سیاسییەی یەكێتییەوە هێزەكان دەرچوون بۆ پاراستنی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان”.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە ڕاشكاوییەوە زۆرینەبوونی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە هەرێمی كوردستان بە “زۆرینەی موزەیەف و ساختەكراو” ناوبرد.

ڕێواز فایەق بۆ سەرۆكی هەرێمیشی دووپاتكردەوە، “هەر هێزێك، هەر حزبێك، هەر كەسێك حساب بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناكات و نایخوێنێتەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش حسابی بۆ ناكات و نایخوێنێتەوە”.

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی: ئەرکی یەکێتییەکانە سووربن لەسەر خزمەتکردنی کەرکوک

بابەتی دواتر

سبەینێ مووچەی وەزارەتێكی دیكە دابەشدەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

غەریب ئەحمەد: وەزارەتی دارایی عێراق رێكارەكانی ناردنی مووچەی مانگی پێنجی دەستپێكرد

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، وەزارەتی دارایی عێراق دەستیكرد بە رێكارەكانی ناردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.…
Total
0
Share