قسەی سەرۆكی وڵاتان لە كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا

لە كۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، كە دوێنێ دەستیپێكرد، سەرۆكی بەشێك لە وڵاتان وتاریان پێشكەشكرد، باسیان لە دۆخی جیهان، ئاڵنگارییەكان و چارەسەری كێشەكان كرد، هەر سەركردەیەک  بەرگریی لە سیاسەت و هەنگاوەكانی وڵاتەكەی كرد.

جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، كە وڵاتەكەی لە چەند دەیەی ڕابردوودا چووەتە چەند شەڕێكەوە، لە نمونەی ئەفغانستان و عێراق، لە وتارەكەیدا ڕایگەیاند، وڵاته‌كه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌نا بۆ هێزی سه‌ربازی نابات، ته‌نها وه‌ك دوابژارده‌ نه‌بێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای كۆتاییهاتنی شه‌ڕ له‌ ئه‌فغانستان، واشنتن خواستی بۆ ده‌ستپێكردنی سه‌رده‌مێكی نوێی دیپلۆماسی هه‌یه‌، دووپاتیكردەوە، “ئیداره‌ی نوێی وڵاته‌كه‌ی پابه‌نده‌ به‌ كاركردن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنی جیهان به‌ره‌و ئایندەیه‌كی سه‌لامه‌ت و پێشكه‌وتووتر و له‌ بری شه‌ڕ و جه‌نگ، زیاتر گرنگی به‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییەكانی داهاتوو ده‌دات، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی ته‌نها بۆ كاتی پێویست بێت”.

سەرۆكی ئەمریكا دڵنیایی دا، كە واشنتن هه‌وڵ بۆ چوونه‌ ناو جه‌نگێكی نوێی سارد و جیهانێكی به‌شبه‌شكراو به‌سه‌ر كوتله‌ی جیاوازدا نادات و ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر وڵاتێك كاربكات، كه‌ پابه‌ند بێت و هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ بدات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییەكان، “ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ بواره‌كانی دیكه‌دا ناكۆكی زۆر قووڵیشمان له‌گه‌ڵ یه‌ك هه‌بێت”.

هاوكات شی جین پینگ، سەرۆكی چین، كە بە ئۆنلاین بەشداربوو لەكۆبوونەوەكەدا و وتارێکی پێشکەش کرد، ئاماژەی بەوەکرد، “چین هەرگیز هێرشناکاتە سەر هیچ وڵاتێکی دیکە و نایانچەوسێنێتەوە، هەروەها بەدوای بەهێزكردنی هەژموونی خۆیدا ناگەڕێت”.

ڕاشیگەیاند، وڵاتەكەی لە چێوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانیدا دوو ملیار ژەمە ڤاکسین پێشکەش بە وڵاتانی جیهان دەکات و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ پرۆسەکە تەواو ببێت.

لای خۆیەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگە نادات قەیرانی سوریا بۆ ماوەی 10 ساڵی دیکە بەردەوام بێت و وتی، “بە پێداگرییەوە خەباتمان لە دژی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییانەی کە ھەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی سوریا و ئاسایشی نیشتمانیمان دەکەن، بەردەوام دەبێت”.

ئەردۆغان باسی لەوەشكرد، “ئێمە وەک وڵاتێک کە لە قەیرانی سوریادا شکۆی مرۆڤایەتیمان ڕزگارکرد، ئیتر توانا و ئارامیمان لە پێشوازیکرن لە شەپۆلی نوێی کۆچبەراندا نەماوە”.

گ

سەرۆك كۆماری توركیا جەختی لەوەشكردەوە، “دەبێت واز لە بۆچوونی بەهەندوەرنەگرتنی تورکیا لە ناوچەکە بھێندرێت، لە کاتێکدا تورکیا خاوەنی درێژترین کەنارە لە ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا”.

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێرانیش لە وتارەكەیدا، كە بە ئۆنلاین بەشداربوو وتی، “ئەگەر قوربانییەكانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس نەبووایە، داعش ئێستا لە ئەوروپا بوو”.

ڕەئیسی قسەشی لەبارەی كشانەوەی ئەمریكا كرد، وتی، ئەمریكا لە ئەفغانستان و عێراق ناكشێتەوە، بەڵكو دەردەكرێت، بەوتەی خۆی، “سیاسەتی ئێران ئەوەیە كە یەكپارچەیی خاكی وڵاتانی ناوچەكە بپارێزێت”.

دوێنێ كۆبوونەوەی خولی 76ـەمینی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەستیپێکرد و سەرۆك كۆماری عێراقیش تیایدا بەشدارە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش، سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، مرۆڤایەتی لەبەردەم شەش بەربەستدایە، ئەوانیش بریتین لە كێشەكانی دابەشبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، نەبوونی یەكسانی لەنێوان وڵاتاندا، كێشەی مرۆڤایەتی، بەرقەرارنەبوونی ئاشتی، نەبوونی دادگەری بۆ خەڵك و گەیشتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بە خەڵك.

بابەتی پێشتر

تاڵیبان داوادەكات ڕێگەی پێبدرێت لەبەردەم یوئێندا قسەبكات

بابەتی دواتر

كارەبای سلێمانی قەرزی هاوبەشان بە 12 قیست وەردەگرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار