تەقەكردن لە خۆپیشاندانێكدا لە سلێمانی ژمارەیەك برینداری لێكەوتەوە

بەهۆی پێكداهەڵپژان لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و ژمارەیەك هاوڵاتی لە گوندی تووەسپی، ژمارەیەك هاوڵاتی و كارمەندی هێزە ئەمنییەكان برینداربوون.

بەپێی وتەی شایەتحاڵان بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێكی ئەمنیی سلێمانی بۆ ڕووخاندنی ژمارەیەك خانووی زیادەڕەو چوونەتە گوندی تووەسپی، بەڵام لەلایەن خاوەن خانووەكان و دانیشتووانی گوندەكەوە ڕێگری لە هێزە ئەمنییەكە كراوە.

دواتر بەشێك لە دانیشتوانی گوندەكە، كە بەشێكی زۆری خانووەكانی زیادەڕەون و بەبێ نەخشە و ڕێگەپێدان دروستكراون، خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوە و پێكداهەڵپژانیشەوە ژمارەیەك هاوڵاتی و كارمەندی هێزە ئەمنییەكان برینداربوون، كە لە نێوانیاندا عەمید ئاری ڕەئوف، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی سلێمانی هەیە، وەك ئەوەی شایەتحاڵێك ئاماژەی پێدا.

گوندەكە دەكەوێتە نزیكەی 10 كیلۆمەتر لە باكووری ڕۆژئاوای سلێمانی و نزیكبووەتەوە لە گەڕەكەكانی سلێمانی.

سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا پێكداهەڵپژانەكەی پشتڕاستكردەوە، بەڵام دەربارەی بریندار و قوربانییان ئاماژەی بەوەكرد هیچ زانیارییەكی لانییە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هاتوچۆی ڕاپەڕین: پڕۆسەی دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری بەردەوامە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری بەردەوامە. بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ڕاپەڕین هاوڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە، پڕۆسەی دەرهێنان…
Total
0
Share